پێشتر کێشەیان هەبوو لافاوەکەش بێئاوی کردن
زیاتر لە 10 رۆژە چەند گەڕەکێکی چەمچەماڵ کێشەی ئاوی خواردنەوەیان هەیە
964+
فەرهاد حەسەن
سەرۆکی رێکخراوێکی ژینگەیی لە گرتە ڤیدیۆیەکدا لە ناو گەڕەکی ئاسوودە لە قەزای چەمچەماڵ دەردەکەوێت و باسی بێئاوی ئەو گەڕەکە دەکات و دەڵێت 13 رۆژە ئاویان پێنەدراوە، کاتێک پەیوەندیمان بە لایەنی بەرپرسی ئاو لەو قەزایە کرد، وتی “تەنیا یەک گەڕەک نییە بەڵکو سێ گەڕەکن 11 رۆژە کێشەی ئاوی خواردنەوەیان هەیە”.
مەعروف مەجید، سەرۆکی رێکخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە لە گرتە ڤیدیۆکەدا داوا دەکات ئەوانەی دەیانەوێت هاوکاری چەمچەماڵ بکەن با بە تانکەر ئاو بۆ ئەو گەڕەکە بهێنن و رزگاریان بکەن لە بێئاوی.
کێشەی ئەو گەڕەکە بەتەنیا نیە بەڵکو چەند گەڕەکێکی دیکەش هەمان کێشەیان هەیە، بەڵام بابەرەسوڵ عیسا کە رێگەپێدراوی قایمقامیەتە قسە لەسەر گرفتەکانی ئاو بکات بە 964ـى وت، جگە لە گەڕەکی ئاسوودە دوو گەڕەکی دیکەشیان هەمان کێشەیان هەبووە، بەڵام ئەمڕۆ ئاو بە تانکەر بۆ دوو لەو گەڕەکانە چووە ئەمشەویش کێشەی ئاوی گەڕەکی سێیەم ناهێڵن.
ئاماژەی بەوەشکرد، کێشەی ئەم سێ گەڕەکە بۆ پێش روودانی لافاوەکە دەگەڕێتەوە، کە لافاوەکەش هاتووە کێشەکەی قووڵتر کردوونەتەوە هەم لە تێکچوونی تۆڕەکان و لەکارکەوتنی بەشێک لە بیرەکان، بەڵام ئەم چەند رۆژە لەگەڵ تیمەکانیان خەریک بوونە بەشێکی زۆری کێشە و گرفتەکانیان چارەسەر کردووە.