لە ترسی ئاگر دواخرابوون
سێ مین و دوو گولـلە تۆپ لە بامەڕنی تەقێنرانەوە
964+
ژێوار خدر
تیمەکانی مین لە دهۆک، کۆمەڵێک تەقەمەنییان لە ناوچەیەکی سەختی بامەڕنی لەناوبرد، کە پێشتر بەهۆی مەترسیی کەوتنەوەی ئاگرەوە نەیانتوانیبوو دەستکارییان بکەن.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مین لە پارێزگای دهۆک بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە 15.12.2025، تیمەکانی لەناوبردنی تەقەمەنی (EOD) و دڵنیایی جۆری (QA)، لە ناوچەیەکی سەخت و شاخاویی سەر بە ناحیەی بامەڕنی لە قەزای ئامێدی، دوو تەقینەوەیان ئەنجامدا.
دەشڵێت، ئەو تەقەمەنییانەی لەناوبران بریتی بوون لە سێ مینی جۆری (V69) لەگەڵ دوو گولـلە تۆپی 106 ملم.
روونیشیکردەوە، ماوەیەک بوو ئاگادار کرابوونەوە لە بوونی ئەو مینانە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ناوچەکە سەخت بووە و مەترسیی ئەوە هەبووە لەکاتی تەقاندنەوەیاندا ئاگر لە پوش و پاوانی ناوچەکە بکەوێتەوە، پرۆسەکە دواخراوە بۆ ئەمڕۆ کە کەشوهەوا گونجاو بووە.
دەزگای مین داوا لە هاوڵاتیان دەکات، لە کاتی بینینی هەر تەنێکی نامۆ یان پاشماوەی جەنگی، دەستکاری نەکەن و پەیوەندی بە ژمارەی بێ بەرامبەری 182ـەوە بکەن.