شەش رۆژە ئەندازیارەكەی بازیان سۆراغی نییە
بە درۆن و سەگی پۆلیسی بە دوای تەرمەكەیدا دەگەڕێن
964+
دیلان محەمەدجەزا – بازیان
قایمقامی بازیان دەڵێت بست بە بستی سنووری خۆیان گەڕاون بۆ ئەوەی تەرمی ئەو ئەندازیارە بدۆزنەوە، كە شەش رۆژ لەمەوبەر لافاو بردوویەتی، دەشڵێت، ئەوەی بە چاو ببینرێت بۆی گەڕاون و درۆن و سەگی پۆلیسیشیان بەكارهێناوە.
ئیسماعیل ئەحمەد ئەمڕۆ یەكشەممە 14.12.2025 بە 964ی راگەیاند، شەش رۆژە بە دوای تەرمی ئەو ئەندازیارەدا دەگەڕێن، كە ناوی ئەحمەد و بە نەتەوە عەرەبە، بەهۆی لافاوەوە ون بووە و ئێستا بەدوای تەرمەكەیدا دەگەڕێن.
وتیشی، هیچ نەماوە نەیكەن و ئەوەی لە سەرووی توانای خۆیانە كردوویانە، “مۆبایلەكەی دۆزراوەتەوە، كە بە سەعاتی دەستییەوە پەیوەستە و زیرەكە، سینگاڵی شوێنەكەشی دەردەكەوێت، بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە تەرمەكەی بدۆزینەوە”.
دەشڵێت، بە درۆن و سەگی پۆلیسی بە دوای تەرمی ئەندازیارەكەی بازیاندا گەڕاون، هەروەها هێزەكانی پێشمەرگە، ئاسایش، دژەتیرۆر و ئۆپەراسیۆنەكان بەشداریی گەڕانەكانیان كردووە و هەوڵی زۆریان داوە.
شەش رۆژ لەمەوبەر بەهۆی لافاوی چەمچەماڵ و تەكیە و بازیان، ئەندازیارێكی گەنج، كە بە نەتەوە عەرەبە، لە یەكێك لە كۆمپانیاكانی بازیان لە ناو كابینەیەك بووە و لافاو لەناكاو بردوویەتی، تا ئێستا هیچ سەروسۆراغی نییە و جگە لە لایەنە پەیوەندیدارەكان و هێزە جۆراوجۆرەكان، خەڵكێكی زۆری خۆبەخشیش بەشداریی گەڕانەكان دەكەن.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا