دراوی 100 دۆلاری ئەمریکی - وێنە: 964
لە سیستەمی ئەسیکۆدا
لە ساڵی نوێ دۆلار بەبێ باجی گومرگی بە بازرگانان نادرێ
964+
ئەحمەد مستەفا
بازرگانان ناتوانن دۆلار لە بانکی ناوەندیی عێراق وەربگرن، تاوەکو باجی گومرگی نەدەن و سیستمی ئەسیکۆدا جێبەجێ نەکەن، ئەمە بڕیاری نوێی و لە ساڵی نوێ و لە عێراق جێبەجی دەکرێت.
ئەم گۆڕانکارییە دوای کۆبوونەوەی بانکی ناوەندی عێراق و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بڕیاری لەسەر دراوە.
سیستەمی ئەسیکودا “ASYCUDA System” کورتکراوەی سیستەمی ئۆتۆماتیکی بۆ داتای گومرگیە، سیستەمێکە کە بەکاردێت بۆ رێکخستنی کارەکانی گومرگی لە رێگەی ئۆتۆماتیکی کردنی پرۆسەکانی وەک کۆکردنەوەی زانیاری و شیکاری لە خاڵە گومرگییەکان.
ئەم جۆرە سیستەمە لە ئاستی جیهانیدا شتێکی نامۆ نییە، چونکە زۆرێک لە وڵاتان سیستەمی ئۆتۆماتیکی هاوشێوە بەکاردەهێنن بۆ بەرزکردنەوەی کارایی و ئاسایشی گومرگی.
مەنار عوبێدی، سەرۆکی دامەزراوەی ئایندەی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 14.12.2025، لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوەکردووە، لە سەرەتای ساڵی داهاتوو، هیچ بانکێک رێگەپێنەدراو دەبێت گواستنەوەی دەرەکیی دۆلار بۆ بازرگانان ئەنجام بدات، ئەگەر پێشوەختە باجی گومرگیی نەدابێت.
ئەم رێکارانە بەستراونەتەوە بە سیستمی ئەلیکترۆنیی نێودەوڵەتیی “ئەسیکۆدا” کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەرەی پێدراوە بۆ دیجیتاڵکردنی رێکارەکان و بە بڕیاری ئەمریکا لە عێراق جێبەجێ دەکرێت.