زانکۆی سلێمانی.
سی ڤی بنێرن
چوار پۆست لە زانکۆى سلێمانى بەتاڵن و كەسی شیاویان دەوێت
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیی هەرێمی كوردستان چوار پۆست لە زانکۆى سلێمانى رادەگەێنێت، هەر کەسێک ئارەزوى هەیە و مەرجەکانى تێدا بەرجەستەیە، دەتوانێت لە ماوەى دیاریکراودا (C.V) و داواکارییەکەى پێشکەش بکات، تا ناوى لە لیستى خوازیاراندا تۆمار بکرێت.
وەك لە راگەیاندراوی وەزارەتەكەدا ئەمڕۆ یەكشەممە 14.12.2025 بڵاوكراوەتەوە، پۆستەکان بریتیین لە:
1- راگرى کۆلیژى کارگێڕى و ئابورى.
2- راگرى کۆلیژى زمان.
3- راگرى کۆلیژى یاسا.
4- راگرى کۆلیژى ئەندازیارى.
هەروەها مەرجەکانیش: بەم جۆرە:
– هەڵگرى بڕوانامەى دکتۆرا بێت.
– نازناوى زانستى لە پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر کەمتر نەبێت.
– خزمەتى زانکۆیی لە دە ساڵ کەمتر نەبێت.
وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت، ئەو بەڕێزەى داواکاری پێشکەش دەکات باشترە دید و بۆچون و بەرنامەى کاری خۆى پێشکەش بکات بۆ بەرەو پێشبردنى زانکۆ بۆ ئەو چوار ساڵەى کە پۆستەکەى وەردەگرێت.
هەروەها زانینی زمانى ئینگلیزى و شارەزایی لە بەکارهێنانى تەکنەلۆجیاى بوارى خوێندن و فێرکردن و کارایی بڵاوکردنەوەى توێژینەوەى زانستى، هەلى زیاتر بۆ پێشکەشکار دەڕەخسێنیت.
باسی ئەوەش كراوە، پێویستە خوازیار (C.V) و پوختەى راژە و یەکەمین فەرمانى بەدەستهێنانى نازناوى زانستى و لیستى ناو و ناونیشانى توێژینەوە زانستییە بڵاوکراوەکانى و کارتى نیشتمانى یاخود ناسنامەى بارى شارستانى پێشکەش بکات.
مەرجی دیكەش بۆ ئەم پۆستانە هەن:
• پێویستە پوختەى راژەى لەلایەن سەرۆکایەتی زانکۆ پەسندکرابێت.
• پێویستە پێشکەشکار تەنها داواکارى بۆ یەک پۆست پێشکەش بکات.
• هەر بەڕێزێک ئارەزوى هەیە و مەرجەکانى سەرەوەى تێدا بەدى دەکرێت دەتوانێ (C.V) و پوختەى راژەى راستەوخۆ لە ئەمڕۆوە یەکشەممە رێکەوتى (2025/12/14) تاکو (2025/12/24) لەم بەستەرەى خوارەوە پڕ بکاتەوەو رەوانى بکات.