حاجی بەفراو سیانی
ژنە جەسوورەکەی سەرگەران و گوندی شناغە کۆچی دوایی کرد
964+
فەرهاد حەسەن
عەشیرەتی گەورەی سیان لە هەولێر، کۆچی دوایی حاجی بەفراو سیانییان راگەیاند، ئەو ژنەی چەند جارێک لەسەر جوتیارانی کورد رووبەڕووی سوپای عێراق بووەوە و بووبوە سیمبولێکی خۆڕاگری خەڵکەکە.
عەشیرەتی سیان بڵاویکردووەتەوە، “شێرە ژنەکەی تەعـریب” کۆچی دوایی کرد.
ئەمڕۆ شەممە 13.12.29025، بەفراو عوسمان خدرەسۆر سیانی، ناسراو بە (حاجی بەفراو) کۆچی دوایی کرد و سبەی لە مزگەوتی شەهید سەردار سەعید سۆفی سەر رێگای کەرکوک لە هەولێر، پرسەی بۆ دادەنێدرێت.
حاجی بەفراو، چەند جارێک لە دژی زوڵم و ستەمی سەر جوتیارانی کوردی ناحیەی سەرگەڕان وەستایەوە و ئاڵای کوردستانی بەرامبەر هەمەرە سەربازیەکان بەرزکردەوە، ئەو رۆژەش کە چەند سەربازێکی عێراقی لە گوندی شناغە، محەمەد ئەمینی جوتیاریان بە ملپێچەكەی لەسەر تراكتۆرەكە رادەکێشا، ئەویش ئاڵای كوردستانی خستە سەرشانی رووبەروی سوپای عێراق وەستاو پێی وتن “ئەم ئاڵایە هەموو شتێکە بۆ ئێمەی کورد”.