"نرخ دەگاتە سەروو حەوت هەزار"
ژێرئاوکەوتنی حەوزە ماسییەکانی تەقتەق نرخی زیندووی بەرز کردووەتەوە
964+
دەریا ئەحمەد – کۆیە
ژێرئاو کەوتنی حەوزەماسییەکانی پاڵ زێی بچووک لە تەقتەق و بردنی هەزاران ماسی، کاریگەری کردووەتە سەر نرخی ماسی و لە کۆیە ئێستا ماسی دوو جۆرە نرخی هەیە.
هەیانە زیندووە و نرخی بەرزبوەەتەوە و هەشیانە پاشماوەی لافاوەکەیە و نرخی هەرزانە، ماسی فرۆشێکیش دەڵێ، چاوەڕێ دەکەین نرخی یەک کیلۆ ماسی بگاتە سەروو حەوت هەزار دینار.
رێباز نەوزاد ماسی فرۆشێکە لە کۆیە و بە 964ـی وت، ئێستا ماسی زیندوو زۆر کەمبووەتەوە و لە بەیانییەوە چوومەتە تەقتەق و بە زەحمەت هەندێک ماسی زیندووم دەستکەوت، ئەویش نرخی 5000 هەزار دینارە و لەچاو دوێنێ 1500 دینار چۆتە سەر نرخەکەی.
وتیشی، لە هەمان کات و هەمان قەبارە و کێشی ماسیم هەیە، بەڵام چونکە پاشماوەی لافاوەکەیە و زیندوو نییە و لە خواردنیش دا تامی جۆرێک لە قوڕاوی لێدێت نرخی هەرزانترە و لەلامە سێ کیلۆ بە 10 هەزارە.
لە ئێستادا ئەو خاوەن حەوزانەی کە حەوزە ماسییەکانیان بەر لافاو نەکەوتووە و سەلامەتن ئامادەنین ماسیەکانیان بفرۆشن، چونکە دەزانن نرخی ماسی گران دەبێت و ئەوکات دەیفرۆشن، وەک رێباز نەوزادی ماسی فرۆش وتی.
لەسەر زیانی خاوەن حەوزەکانی ماسی قایمقامی قەزای تەقتەق بە 964ـی وت، نزیکەی 100 حەوزی ماسی بەر لافاوەکە کەوتوون و نزیکەی 150 تۆن ماسیش لەناوچوون.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا