لۆگۆی وەزارەتی خوێندنی باڵا - گرافیک: 964
هەولێر
ئەگەر دەتەوێت ببیتە راگری كۆلیژی زانستە پزیشكییەكان سی ڤی خۆت بنێرە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى پۆستی راگرى کۆلیژى زانستە پزیشکییەکان لە زانکۆى هەولێرى پزیشکى رادەگەێنێت و هەر كەسێك لە خۆی رادەبینێت، دەتوانێت سی ڤی خۆی پێشكەش بكات.
وەزارەتەكە ئەمڕۆ پێنجشەممە 11.12.2025 بڵاویكردەوە، لە چوارچێوەى رێنماییەکاندا پۆستى راگرى کۆلێژى زانستە پزیشکییەکان لە زانکۆى هەولێرى پزیشکى رادەگەیەنن، هەر کەسێک ئارەزوى هەیە و مەرجەکانى تێدا بەرجەستەیە، دەتوانێت لە ماوەى دیاریکراودا (C.V) و داواکارییەکەى پێشکەش بکات، تا ناوى لە لیستى خوازیاراندا تۆمار بکرێت.
وەزارەتی خوێندنی باڵا مەرجەکانی بەم شێوەیە دیاریی كردووە:
1/ هەڵگرى بڕوانامەى دکتۆرا بێت.
2/ نازناوى زانستى لە پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر کەمتر نەبێت.
3/ خزمەتى زانکۆیی لە دە ساڵ کەمتر نەبێت.
– ئەو بەڕێزەى داواکاری پێشکەش دەکات باشترە دید و بۆچون و بەرنامەى کاری خۆى پێشکەش بکات بۆ بەرەو پێشبردنى زانکۆ بۆ ئەو چوار ساڵەى کەپۆستەکەى وەردەگرێت.
– زانینی زمانى ئینگلیزى و شارەزایی لە بەکارهێنانى تەکنەلۆجیاى بوارى خوێندن و فێرکردن و کارایی بڵاوکردنەوەى توێژینەوەى زانستى هەلى زیاتر بۆ پێشکەشکار دەڕەخسێنیت.
– پێویستە خوازیار (C.V) و پوختەى راژە و یەکەمین فەرمانى بەدەستهێنانى نازناوى زانستى و لیستى ناو و ناونیشانى توێژینەوە زانستییە بڵاوکراوەکانى و کارتى نیشتیمانى یاخود ناسنامەى بارى شارستانى پێشکەش بکات.
– پێویستە پوختەى راژەى لەلایەن سەرۆکایەتیی زانکۆ پەسندکرابێت.
– هەر بەڕێزێک ئارەزوى هەیە و مەرجەکانى سەرەوەى تێدا بەدى دەکرێت دەتوانێ (C.V) و پوختەى راژەى راستەوخۆ لە ئەمڕۆوە 11.12 تا 21.12 رەوان بکات.