ستوونی کارەبا کەوتووە
لافاو 13 گوندی گەرمیانی تاریک کردووە
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
بەھۆی ئەو شەپۆلە بەھێزەی باران بارین ناوچەکانی گەرمیانی گرتووتەوە و بەھۆی کەوتنی چەند ستونێکی کارەبا، ئەمڕۆ چوارشەممە 13 گوندی گەرمیان بێ کارەبا بوون.
ئالان ئەرکان، وتەبێژی کارەبای گەرمیان بە 964ى وت، لە نێوان گوندی زەماوەنگە و ژاڵەی حاجی قادر چەمێک ھەیە، چوار ستونی کارەبا لەو چەمە بەھۆی لافاوەوە کەوتوون و 13 گوندی بێ کارەبای نیشتیمانی کردووە.
ھەموو شتێک لەسەر لافاوەکەی گەرمیان
تا ئەوکاتەی چەمەکە وشک نەکات ناتوانین کاری تێدا بکەین، چونکە ئێستا بەھۆی لافاوەوە ئاوێکی زۆری پێدا تێدەپەڕێت، لە رۆژانی داھاتوو ھەرکات زانیمان ئاو لە چەمەکە نەماوە تیمەکانمان دەست با چاککردنەوەیان دەکەنەوە، ئالان ئەرکان وای وت.
ئەو وتی، پێشتریش ئامادەکاریمان کردبوو بۆ ھاتنی لافاو، ئەو ستوونانەی کەوتبوونە چەمەکان چیمەنتۆمان کردبوون، بەڵام بارانەکە بەھێز بوو، لەکاتی چاککردنەوە شوێنی ستوونەکان لەناو چەمەکە ناھێڵین و لە قەراغەوە دایدەنێین، تا ئەو گرفتە دووبارە نەبێتەوە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا