سێ گیانلەدەستدان و 21 بریندار
کوردستان رۆژێکی کارەساتباری بەڕێکرد
964+
شۆڕش قادری
ئەمڕۆ بۆ کوردستان رۆژێکی ناخۆش بوو، تا ئەم ساتە سێ هاوڵاتی بەهۆی بارانبارین و لافاوەوە گیانیان لەدەستداوە و 21ـی دیکەش برینداربوون.
چەند رۆژێکە شەپۆلێکی بارانبارین رووی لە ناوچەکانی کوردستان کردووە و ئەمڕۆ سێشەممە 9.12.2025 لە پارێزگاکانی سلێمانی و کەرکوک و چەند شوێنێکی دیکە لافاو دروست بوو و زۆرترین زیانیش بەر قەزای چەمچەماڵ و ناحیەی شۆڕش کەوت، لەوێ دوو هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا و 12 کەسی دیکەش برینداربوون.
لە ناحیەی لەیلانی سەربە پارێزگای کەرکوکیش کچێکی تەمەن هەشت ساڵ لافاو بردی و دوای چەند کاتژمێرێک تەرمەکەیان دۆزییەوە.
لە دۆڵی بالیسان هەورە بروسکە لە رەبایەی پێشمەرگەی دا و بەهۆیەوە هەشت پێشمەرگە برینداربوون، دووانیان برینەکانیان سووک بوو، هەر لەوێ چارەسەر کراون، شەش پێشمەرگەکەی دیکە رەوانەی نەخۆشخانەکانی راپەڕین و سلێمانی کران.
هەر بەیانی ئەمڕۆ لەناو بازاڕی شارەزوور گەنجێک هەورە بروسکە لێیدا و رەوانەی نەخۆشخانە کرا، لەوێ چارەسەری پێویستی بۆ کرا و ئێستا باری تەندروستی جێگیرە.