دیمەنێک لە لافاوەکەی ئەمڕۆ
تەمەنی 22 ساڵە
یەکێک لە وانەی لە چەمچەماڵ گیانی لەدەست دا خاوەن پێداویستی تایبەتە
964+
ئەحمەد مستەفا
ناسنامەی ئەو دوو کەسە ئاشکرا بوو کە لە چەمچەماڵ و ناحیەی شۆڕش، بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەست دا، کە یەکێکیان کچە و خاوەن پێداویستی تایبەتە، ئەوە جگە لەوەی چوار کەسی دیکە بریندار بوون.
بە گوێرەی سۆراغی 964، عومەر سەعید تەمەن 72 ساڵ و بۆکان بەشارەت تەمەنی 22 ساڵە ئەو دوو کەسەن گیانیان لە دەستداوە.
سامان حوسێن، لێپرسراوی یەکێتیی کەمئەندامان لەبارەی گیانلەدەستدانی بۆکان بەشارەت بە 964ی وت، ئەو کەسە کچێکی خاوەن پێداویستی تایبەت بووە و لە ماڵێکی هەژاردا ژیاوە، بەهۆی لافاوەکەوە گیانی لەدەستداوە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییە سەرەتاییانەی بەردەستن، بۆکان بەشارەت نەیتوانیوە خۆی لەلافاوەکە رزگار بکات، ئەوەش بووە بەهۆکاری گیان لەدەستدانی.
پێشتر، قایمقامیەتی چەمچەماڵ لە راگەیەندراوێکدا وتی، بەهۆی لافاوی چەند کاتژمێری رابردووی قەزای چەمچەماڵەوە دوو هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە و چوار هاوڵاتی دیکەش برینداربوون.
چەند رۆژێکە شەپۆلێکی بارانبارینی باش رووی لە ناوچەکانی کوردستان کردووە و ئەمڕۆش لە چەمچەماڵ و چەند شوێنێکی دیکە لافاو دروست بوو، كە جگە لە زیانی گیانی، زیانی ماددی زۆریش بەر هاوڵاتیان گەیشت.