مۆبایلی Nubia M153
چین شۆڕشی كردووە
یەکەم مۆبایلی زیرەک دێتە مەیدان و “خۆی هەموو کارێک دەکات”
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
چین یەکەم مۆبایلی زیرەکی لە جیهاندا ئاشکرا کرد کە بە تەواوی پشت بە “زیرەکی دەستکردی خۆکار” دەبەستێت، ئەم هەنگاوەش بە بازدانێکی گەورە و جۆری لە پێشبڕكێی جیهانیی زیرەکیی دەستکرد وەسف دەکرێت.
وەك میدیا جیهانییەكان باسی دەكەن، مۆبایلەکە وەک نموونەیەکی سەرەتایی لەلایەن کۆمپانیای زەبەلاحی پەیوەندییەکان (ZTE) و بە هاوکاری کۆمپانیای (ByteDance)ی خاوەنی تیکتۆک پەرەی پێدراوە.
تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی مۆبایلەكە:
· ناوی مۆبایل (Nubia M153)
· توانای ئۆتۆماتیکی: خاوەنی “بریکارێکی زیرەک”ـە لەناو سیستمەکەیدا، کە وا دەکات بتوانێت بەبێ ئەوەی تۆ دەستی لێ بدەیت؛ بچێتە ناو ئەپەکان، بنووسێت، تەلەفۆن بکات، پارە بدات و ئەرکە ئاڵۆزەکان جێبەجێ بکات.
· نموونەی کارەکانی: بەپێی نمایشێک کە بازرگان “تایلۆر ئۆگان” پێشکەشی کرد، مۆبایلەکە دەتوانێت تەنها لە ڕێگەی وێنەیەکەوە ئوتێل حیجز بکات، داوای تاکسی بێ شۆفێر (خۆڕەو) بکات، شتومەک لە ئینتەرنێت بکڕێت و تەنانەت وەڵامی پەیوەندییە ئۆتۆماتیکییەکانیش بداتەوە.
لایەنی تەکنیکی:
ئامێرەکە بە پڕۆسێسەری بەهێزی (Snapdragon 8 Elite Gen 5) و رامی 16 گێگابایت کار دەکات، بۆ ئەوەی خێراتر و پارێزراوتر بێت، ئەرکەکان لە نێوان ئینتەرنێت (Cloud) و خودی مۆبایلەکەدا دابەش دەکات.
شارەزایان دەڵێن ئەم مۆبایلە هەنگاوێکی بێ وێنەیە، چونکە ئاستێک لە “سەربەخۆیی” هەیە کە هیچ مۆبایلێکی ئێستای بازاڕ پێی نەگەیشتووە، هەرچەندە هێشتا لە قۆناغی تاقیکردنەوەدایە.