شۆفێرەکە سەرخۆش بووە و ئۆتۆمبێلەکە هی وەزارەتی پێشمەرگەیە
پۆلیسى هەولێر وردەکاریی گیانلەدەستدانی دوو کارمەندەکەى سیکیورتى ئاشکرا دەکات
964+
وریا فەتاح
پۆلیسی هەولێر وردەکاریی رووداوەکەی شەوی 4ـی کانونی یەکەمی سەر شەقامی 40 مەتریی شارەکەی ئاشکرا کرد، کە تێیدا ئۆتۆمبێلێک خۆی کێشا بە دوو پاسەوانی بەردەم شوقەکانی “بولیڤارد” و دەستبەجێ گیانیان لەدەستدا.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی پۆلیس، رووداوەکە بەم شێوەیە بووە:
ئەو ئۆتۆمبێلەی خۆی کێشاوە بە پاسەوانەکاندا، جۆری (تۆیۆتا – پیکاب دەبڵ بە ژمارە 5427) بووە و و سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەیە، شۆفێرەکەی بەناوی (م. ئە. م) لە کاتی رووداوەکەدا ماددەی کحولی بەکارهێناوە و سەرخۆش بووە.
ئۆتۆمبێلێکی جۆری مارسیدس لە بەردەم دەرگای شوقەکان وەستاوە و شۆفێرەکەی (هەژان هیوا) خەریکی قسەکردن بووە لەگەڵ دوو کارمەندی سکیوریتی بۆ ئەوەی ڕێگەی پێ بدەن بچێتە ژوورەوە، لەو کاتەدا ئۆتۆمبێلە پێکابەکە خۆی کێشاوە بە مارسیدسەکە و دوو پاسەوانەکەدا.
بەهۆی ڕووداوەکەوە هەردوو پاسەوانەکە بە ناوەکانی (محەمەد سەردار موحسین) و (ئەحمەد محەمەد شەریف) گیانیان لەدەستداوە.
کێ خەتابارە؟
بەپێی هێڵکاریی هاتووچۆی هەولێر، شۆفێری پێکابەکە 100% کەمتەرخەم و خەتابار بووە، ئێستا بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 24ی هاتووچۆ راگیراوە.