بەمەبەستی ئامادەکاری بۆ پێشبڕکێ
لە هەولێر چوار هەزار کۆتری نامەبەر فڕێندران
964+
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
چوار هەزار کۆتری زاجلی نامەبەر بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە شاری هەولێر، وەک ئامادەکاری بۆ پێشبڕکێیەکی گەورە فڕێندران، بەشداربووان دەڵێن بەخێوکردنی ئەم جۆرە کۆترە تێچووی زۆرە و بە “مەلەکی” ناسراون.
حاجی عەبدوڵا، سەرۆکی کۆمەڵەی ئارەزوومەندانی کۆتری نامەبەر بە 964ـی وت، فڕاندنی ئەم چوار هەزار کۆترە وەک مەشق و راهێنانە بۆ پێشبڕکێی رۆژی 19ـی مانگ، کە تێیدا 30 یانەی کۆتری زاجل لەسەر ئاستی هەموو عێراق بەشدار دەبن.
ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەی یانەکان لە هەولێر بۆ 10 یانە زیادی کردووە و لەرێگەی کۆدی تایبەتەوە چاودێری گەڕانەوە و خێرایی کۆترەکان دەکرێت.
ئاوارە زەنگەنە، یەکێک لە بەخێوکەرانی ئەو کۆترانەیە بۆ 964 وتی، ئەم جۆرە کۆترە زاجلانە هەواداری تایبەتی هەیە و پێی دەوترێت “مەلەکی”، کەسێک باری دارایی باش نەبێت ناتوانێت بەخێویان بکات، چونکە بە وتەی ئەو “نرخی بێچووی هەندێک لەم کۆترانە دەگاتە 50 هەزار دۆلار”.
کۆتری زاجل بەهۆی زیرەکی و توانای بەرزی لە دۆزینەوەی رێگەی ماڵەوە بە “نامەبەر” ناسراوە و مێژوویەکی دێرینی لە گواستنەوەی هەواڵدا هەیە، لە پێشبڕکێکاندا ئەم کۆترانە لە مەودایەکی دیاریکراوی دوورەوە ئازاد دەکرێن و هەر کامێکیان بە کاتێکی کەمتر و خێراتر بگاتەوە شوێنی خۆی، دەبێتە براوە.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر