"ئاوەڕۆیەک حەوت ساڵە جێهێڵدراوە"
دانیشتووانی گەڕەکی ئاشتی لە سەیدسادق خزمەتگوزارییان نییە و ناڕازین
964+
بڕوا مەجید – شارەزوور
دانیشتووانی گەڕەکی ئاشتی لەسەیدسادق کە زیاتر لە 300 ماڵ دەبن، کێشەی کەمی خزمەتگوزارییان هەیە و لەگەڵ ئەوەشدا ئاوەڕۆکەیان حەوت ساڵە پشتگوێ خراوە و وەک خۆیان دەڵێن، مەترسی بۆ سەر ژیانی منداڵەکانیان دروستکردووە.
بیلال عەتا یەکێک لە دانیشتووانی گەڕەکەکە قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “رێگاوبان و ئاو ئاوەڕۆمان لەوپەڕی خراپی دایە، هاوینان بۆگەنی زبڵ و خاشاک هەراسانمان دەکات و لە زستانیشدا قوڕ و لیتە کە بە ماڵ و مناڵەوە دەبێت بە جزمەوە بێین و بڕۆین”.
هێمن عەلی یەکێکی دیکە لە دانیشتووانی گەڕەکی ئاشتی زۆر دڵی پڕە و دەڵێت، “لە ساڵی 2012ـەوە گیرۆدەی ئەم ئاوڕۆ تەواونەکراوەین، ساڵی 2018 چەند مەترێک ئێشیان تێدا کردووە و جێیانهێشتووە، بە حەفارە و بەشێوەیەکی نازانستیانە هەڵکەندراوە، زیاتر لە دوو مەتر قوڵە و ئەگەری هەیە لە هەر ئانوساتێکدا منداڵێک بکەوێتە ناوی”.
سەبارەت بەو بابەتە 964 پەیوەندیکرد بە رەزا محەمەد قایمقامی قەزای سەیدسادق، ئەو وتی، “ئاگاداری کێشە و گرفتەکانی ئەو گەڕەکەین، تەمویلی پڕۆژەکەی ئەوان بەهۆی کۆتایی ساڵەوە و بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران راگیراوە، بەڵام پشتگوێ نەخراوە و بودجەشی بۆ تەرخانکراوە، لە داهاتوودا هەموو کێشەکانی ئاوەڕۆ و چاککردنی رێگاوبان و لەگەڵ ئەوانەشدا درێژکردنەوەی ئاوەڕۆی سنوقی چەمی چەقان چارەسەر دەکرێن”.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری