ناوەندی قەزای کفری - وێنە: قایمقامیەتی کفری
پارەکەی بۆ پڕۆژەیە
15 زەوی نایابی کفری فرۆشرا
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
لە موزایدەیەکدا 15 زەوی نایابی قەزای کفری فرۆشرا، ئیدارەی خۆجێی شارەکە پلانی وایە، بە پارەکەی پرۆژەی خزمەتگوزاریی بۆ قەزاکە ئەنجام دەدرێت.
35 پارچە زەوی نایابی قەزاکە بڕیارە بفرۆشرێت، ئەمڕۆ چوارشەممە 3.12.2025 موزایدە تەنیا بۆ 15 زەوی کراوە و فرۆشراوە، 964 دەزانێت ئەو 15 پارچە زەویە بە نزیکەی 500 ملیۆن دینار فرۆشراوە.
عەلی خورشید، سەرۆکی شارەوانی قەزای کفری بە 964ى وت، ئەوەی نیازی کڕینی زەوییەکانی ھەبووە ئەمڕۆ بەشداری موزایدەکەی کردووە، ئەو 15 پارچە زەویە چەند کەسێک کڕیوویانە، ھەبووە پارچەیەک زەوی یان دوان و زیاتری کڕیوە.
دوای تەواوکردنی رێکارە یاساییەکانی فرۆشتنی ئەو زەویانە، لە ئایندەیەکی نزیکدا موزایدە بۆ ئەو 20 پارچە زەویەی دیکەش دەکرێ و ھەرکەس حەزی لێبێت دەتوانێت بەشداری موزایدەکە بکات.
سرۆکی شارەوانی کفری دەڵێ، بە پارەی ئەو پارچە زەوییانە، کۆمەڵێک پرۆژەی خزمەتگوزاری وەک ئاوەڕۆ و شۆستە و قیرتاوکردن و چەندین پرۆژەی دیکە ئەنجامدەدەن بۆ قەزای کفری.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا