چیرۆکی شاهۆ
تەنانەت دڵە دەستکردەکەشی بۆ یانەی کۆیە لێ دەدات
964+
دەریا ئەحمەد – کۆیە
شاهۆی عەزیز، وەرزشکارێکی دێرینی کۆیەیە، بەهۆی سستبوونی دڵی و توشبوونی بەشێکی جەستەی بە جەڵتە و دانانی دڵی دەستکرد بۆی، ماوەی سێ ساڵە لەسەر عارەبانەیە.
بەڵام، خولیا وەرزشییەکەی هەرماوه و ئەمەش وایکردووە، ئەمڕۆ بەسەر عارەبانەکەیەوه لە پشتی سیمی یاریگا و دوور لە هاندەران، بەدیار یاری یانەی کۆیە و هەولێرەوە دانیشێت.
شاهۆ بۆ 964 دەڵێت، ئەگەر تەندروستی و کەش و هەوا رێگا بدات حەزدەکات هەموو یاریەک بێتە یاریگای کۆیە و سەیری یاری یانەکەی بکات، حەزیش دەکات بۆ یارییەکانی یانەکەی بچێتە شارەکانی تریش، بەڵام بەهۆی ئەوەی دڵی دەستکردە و پێویستی بە شەحن هەیە، ناتوانێن سەفەر بۆ شوێنی دوور بکات.
لێکەوتەکانی کۆڕۆنا وایکردووە، هێواش هێواش شاهۆ دڵی بەرەو لاوازبوون بڕوا و بۆ مانەوەشی لەژیان پێویستی بە دڵی دەستکردبووە، وەک خۆی دەڵێ من و چوار کەسی تر لە کوردستان ئەم دۆخەمان هەیە و بەڵام سوپاسگوزاری خوداین.
شاهۆ عەزیز خێزاندارە و خاوەنی سێ منداڵە، وەک خۆی دەڵێت، خزم و کەسەکانی هاوکاری دەکەن و دەیهێنن بۆ یاریگا، بەوەش لەو ئارەزووە منداڵییەی وە هاندەر بۆ پاڵپشتی یانەکەی بێبەش نابێت.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا