مامۆستایەکی شوێنەوار:
گۆڕە بەکۆمەڵەکەی برادۆست هی جەنگاوەرانی سوارەی چاخی ئاسنییە
964+
فەرهاد حەسەن
مامۆستایەکی بەشی شوێنەوار باس لەو گۆڕە بە کۆمەڵە شوێنەوارییە دەکات کە ئەمڕۆ لە دەڤەری برادۆست دۆزراوەتەوە و دەڵێت، ئێسکوپرووسکەکان هی جەنگاوەرانی سوارەی چاخی ئاسنینن.
دڵشاد زاموا مامۆستایەکی شوێنەوار لە زانکۆی سلێمانی لە فەیسبووکەکەی بڵاویکردووەتەوە لە نوێترین دۆزینەوەدا، بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سۆران دۆزینەوەی گۆڕێکی بەکۆمەڵی جەنگاوەرانی سوارەی چاخی ئاسنی راگەیاند.
دەڵێت “ماوەی زیاتر لە نیو سەدەیە، چەندین گۆڕی بە کۆمەڵی سوارە و جەنگاوەرانی چاخی ئاسن لە برادۆست دەدۆزرێنەوە، گۆڕەکان زۆربەیان هی جەنگاوەرانن، ئەسپەکانیشیان لەگەڵیان نێژراون، مێژووەکەیان بۆ زیاتر لە دوو هەزار و پێنج سەد ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە”.
باس لەوەش دەکات پێشتر لە کتێبەک و توێژینەوەیەکیدا بە زمانی ئینگلیزی باسی ئەم جۆرە گۆڕانە و مێژووەکەیانی کردووە.
بەیانی ئەمڕۆ لە گوندێکی قەزای سیدەکان، لە کاتی کێڵانی زەوی جوتیارێک بۆ چاندنی گەنم، چاڵێک لە زەوییەکە دروست بوو، کە سەیریان کردووە ژوورێکی گەورەیە و پڕە لە ئێسک و پڕوسک.
عەبدولوەهاب سلێمان، بەڕێوەبەری شوێنەواری سۆران، بە 964ـی وت، شوێنەوارەکە بۆ دوو هەزار و 500 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، لە گۆڕەکە ئێسکی 11 کەسی تێدایە بۆ سەردەمی چاخی ئاسنین دەگەڕێتەوە.