ئەمشەو

هاوڵاتیانی لاجان گەڕانەوە گوندەکەی خۆیان و شوێنی گردبوونەوەیان چۆڵ کرد

+964

عەبدولعەزیز خالند

پەیامنێری 964 لە هەولێر زانیاریی ئەوەی گەیاند، هاوڵاتیانی لاجان گەڕانەوە گوندەکەی خۆیان و شوێنی گردبوونەوەیان چۆڵ کرد.

هاوڵاتییەكی گوندی لاجان، كە نەیویست ناوی بهێنرێت، بە 964ی وت، پارێزگاری هەولێر و لایەنە بەرپرسەكان بەڵێنیان بە خەڵكی گوند دا، كە لە ماوەی دوو رۆژی دیكە گیراوەكانی گوندەكە ئازاد بكرێن و هەلی كاریشیان بۆ دابین دەكرێت لە پاڵاوگەی لاناز، ئەمەش وادەكات كێشە و گرفتەكان كۆتایی پێ بێت.

وتیشی، ئەو بەڵێنانە وایان كرد خەڵكی گوندی لاجان بگەڕێنەوە ماڵەكانیان و كۆتایی بەو گردبوونەوەكە بهێنن.

لە پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 1.12.2025ـەوە خەڵكی گوندی لاجان، كە لە عەشیرەتی هەركیین، لە گوندەكە هاتوونەتە دەرەوە، بۆ ئەوەی شەڕ روونەدات لە نێوان هێزە ئەمنییەكانی هەولێر و ئەو چەند كەسەی لە لایەن پۆلیسەوە داواكرابوون، خەڵكەكە لە دەرەوەی گوندەكە بوون و هەندێك خێمەشیان هەڵدا.

كێشەكە، كە چەند رۆژێكە سەری هەڵداوە، بە قسەی خەڵكی گوندی لاجان، بەهۆی گرفتی جێبەجێنەكردنی بەڵێنەكانی پاڵاوگەی لانازە، كە بەڵێنیان بە خەڵكی ئەوێ دابوو هەلی كاریان پێبدەن و دواتر شەڕ و خۆپێشاندان روویدا و كوژراو و برینداری لێكەوتەو، هاوكات هێزێكی زۆری ئەمنی لە دەوروبەری گوندەكە بوون لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە و ئەمەش خەڵكەكەی زیاتر نیگەران كرد.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

دەستەى مافى مرۆڤ داوادەکات تەقەکەرانى رووداوەکەى گوند...

دەستەى مافى مرۆڤ داوادەکات تەقەکەرانى رووداوەکەى گوندى لاجان بدرێنە دادگا