سێ هەزار ناونیشانی کتێبی لێیە
گرانترین کتێبی پێشانگەکەی زانکۆی گەرمیان بە 75 هەزار دینارە
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
پێشانگایەکی کتێب لە زانکۆی گەرمیان کراوەتەوە و ماوەی پێنج رۆژ بەردەوام دەبێت، حەوت دەزگای چاپ بە دوو هەزار ناونیشان بەشدارن، گرانترین کتێبیش بە 75 ھەزار دینارە.
نەوزاد غەریب، سەرپەرشتیاری پێشانگاکە بە 964ى وت، کتێبەکان ھەمەجۆرن و بە ھەرسێ زمانی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی کتێبی تێدایە، ماوەی پێنج رۆژ لە زانکۆی گەرمیان، کارەکانی بەردەوام دەبێت.
“داشکاندی 20% تا 70% بۆ کتێبەکان کراوە، ھەرزانترین کتێبی پێشانگاکە بە ھەزار دینارە کە کتێبێکی منداڵانە، گرانترین کتێبیش بە 75 ھەزار دینارە”،نەوزاد غەریب وای وت.
ئاماژەی بەوەش کرد، حەوت دەزگای چاپ بە دوو ھەزار ناونیشان و زیاتر لە سێ ھەزار کتێب بەشدارن لە پێشانگاکە، ئەو پێنج رۆژە لە 9:00ی بەیانی تا 8:00ی شەو پێشانگاکە کراوە دەبێت.
نەوزاد غەریب وتیشی، ئامانجمان لەم پێشانگایانە لە زانکۆکان ئەوەیە خوێندکار جیاواز لەو بابەتانەی لە زانکۆ دەیخوێنێت سەرچاوەی دیکەی لەبەردەست بێت و ئەو کتێبانەش نرخیان لە دەرەوە گرانترە و لە پێشانگاکە دەتوانن بە نرخێکی کەمتر بیکڕن.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا