نۆژەنکردنەوە
شەقامى 100 مەترى هەولێر: بەشێکى کرایەوە و بەشێکى ترى داخرا
+964
عەبدولعەزیز خالند _ هەولێر
نۆژەنکردنەوەی بەشی دووەمی شەقامی 100 مەتری دەستی پێکرد و بەشی یەکەمیش دواى ماوەیەک لە داخستنى، ئەمڕۆ بەڕووى شۆفێراندا کرایەوە.
کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانییەکانی هەولێر بە 964ـی وت،”ئەمڕۆ 900 مەتری یەکەمى شەقامەکە کە لە فولکەى باز تا یەکەم پێچکردنەوەى زانکۆى جیهان، نۆژەنکردنەوەى تەواو بوو و بەڕووى شۆفێراندا کرایەوە”.
وتیشى،” نۆژەنکردنەوەى بەشى دووەمى شەقامى 100 مەترى، کە لە زانکۆى جیهان تا نزیک نەخۆشخانەى فریاکەوتنى رۆژئاوایە، لەمڕۆوە دەستپێدەکات و ئەو بەشەى دادەخرێت”.
وەک باسى دەکات، شەقامەکە چەند قۆناغێکی پێویستە، سەرەتا بەشی سەرەوەی قیڕەکە هەڵدەگرن و دواتر هەندێک شوێن هەیە کە تێکچووە دەیبڕن و کۆنکرێتی دەکەنەوە ئینجا بەیەکجار قیری دەکەن.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح