"بە دوای تەقەکەرەکان دەگەڕێن"
دەستەى مافى مرۆڤ داوادەکات تەقەکەرانى رووداوەکەى گوندى لاجان بدرێنە دادگا
964+
فەرهاد حەسەن
دوێنێ شەممە ژمارەیەک لە هاوڵاتیانى گوندى لاجان لەسەر رێگەى هەولێر – گوێڕ گردبوونەوە و بەهۆیەوە ئاڵۆزى لەنێوان خەڵک و هێزە ئەمنییەکان دروستبوو، بە پێی دوا زانیاری کە درەنگانی شەوی 964 بە پشتبەستن بە ئامارەکانی دوو نەخۆشخانەی هەلێر بڵاویکردەوە کەسێک گیانی لەدەستداوە و 11 کەسێکیش برینداربوون.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ئەمڕۆ یەکشەممە لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، دوای ئەنجامدانی گردبونەوەی ژمارەیەک خەڵکی گوندی لاجان لەسنوری شاری هەولێر لەبەردەم کۆمپانیای لاناز کە رێگەیان گرتبوو بۆ پێشکەشکردنی چەند داواکاریەک توندوتیژی و تەقەی لێکەوتەوە بووە هۆی کوژرانی گەنجێک و بریندار بوونی چەند کەسێکی دیکە لەخەڵکەکە و پاسەوانانی کۆمپانیاکە، توندوتیژی بەرامبەر چەند کەناڵێک و ڕۆژنامەنوسێکيش بەکارهاتووە.
دەشڵێت “دوای گفتوگۆی تیمی دەستە و هەریەک لە پارێزگاری هەولێر و بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر بۆمان دەرکەوت کە لێکۆڵینەوە بەردەوامە و بەڵگەکان کۆکراونەتەوە بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانەی تەقەیان کردووە و ئاماژەیان بەوەداوە هەرکەسێک تەقەی کردبێ رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەنجام دەدرێت”.
دەستەی مافی مرۆڤ جەختدەکاتەوە، بەردەوام دەبن لە چاودێری کردنی ئەم کەیسە و دەرەنجامی لێکۆڵینەوەکان و پێویستە تەقەکەران و تۆمەتباران بەزوویی بدۆزرێنەوە بدرێنە دادگا.
درەنگانى شەوى رابردو وەزارەتى ناوخۆى هەرێمى کوردستان رووداوەکەى بە “ئاژاوەگێڕى” ناوبرد و جەختیکردەوە بە پێی یاسا بەرکارەکان مامەڵە لەگەڵ کەسانی “ئاژاوەگێڕ” دەکرێت.