کەرکوک
ژێرەوەیان نەوتەوە لە سەرەوە نۆرەیان گرتووە بۆ جلیکانەیەک
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
کەرکوک کە لە نێوان عێراق و کوردستان ناوچەى کێشەلەسەرە و خاکەکەى پڕیەتى لە ئاڵتوونى رەش، بەڵام هاوڵاتیان لەسەر زەوییەکەى لە نۆرەدا وەستاون تا جلیکانەیەک نەوت وەربگرن.
بەپێى زانیارییەکانى سەرچاوەیەکى تایبەت کە بە 964ـى داوە، پێشتر رۆژانە لە رێگەی 35 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگرەوە نەوتی سپی رەوانەی 74 وێستگە و بەنزینخانەی کەرکوک بە قەزا و ناحیەکانییەوە دەکرا و پاشان بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش دەکران، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی کەمی نەوتەوە تەنها لە 24 وێستگەدا دابەش دەکرێت.
بەوتەى ئەو سەرچاوەیە، پێشتر ئەو نەوتە لە پاڵاوگەکانى کەرکوکەوە بەرهەمدەهات، بەڵام ئێستا بە بیانووى دابەزینى کوالێتەکەیى و کەمبوونەوەى رێژەى مادەى کبریت تێیدا، مەترسى دروستکردووە، هەر بۆیە وەک سەرچاوەکە ئاشکراى کردووە، کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانى کەرکوک، تانکەرەکانی رەوانەی شاری بەغدا و کەربەلا دەکات بۆ هێنانی نەوتی سپی، تا ئەو کێشەیە چارەسەر دەکرێت. ئەوە جگە لەوەى پێشتر رۆژانە 35 تەنکەر، نەوتى سپى رەوانەى وێستگەکانى کەرکوک دەکرد بۆ دابەشکردن، بەڵام ئێستا تەنیا 10 بۆ 15 تەنکەر دەگاتە وێستگەکان، لە کاتێکدا 400 هەزار خێزانى پارێزگاکە بڕى 100 لیتر بە 15 هەزار دینار وەردەگرن.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح