باوک جەڵدە لێیدا و کوڕەکەی کارەبا گرتی

باوک و کوڕێک لە دوو ساڵدا دڵیان لەلێدان کەوت؛ لە مردن رزگار کران

964+

بڕوا مەجید – شارەزوور

لە رووداوێکی دەگمەندا باوک و کوڕێک لە دوو ساڵی دوای لە دوای یەکدا و بەهۆکاری جیاواز، دڵیان لەلێدان کەوت، بەڵام دکتۆر و کارمەندانی نەخۆشخانەی شەهید رەئوف بەگ بوونە فریادڕەسیان و ژیانیان بۆ گەڕاندنەوە.

مەحمود محەمەد دانیشتوویەکی قەزای شارەزوورە، ساڵی رابردوو دڵی وەستاوە و بەپەلە گەیەنراوتەوە نەخۆشخانەی شەهید رەئۆف بەگ، هەرزوو کارمەندانی نەخۆشخانەکە لێی دەستهاتوون و بوژاندنەوەی دڵیان بۆ کردووە، هەفتەی رابردوو هەمان رووداو بەسەر کوڕە 12 ساڵانەکەی هات و ئەویشیان لە مردن رزگار کرد، بۆیە ئەمڕۆ بەخۆی و خاووخێزانەوە چوونەتە نەخۆشخانەکە و چەپکە گوڵی رێز و پێزانیان پێشکەشی بەڕێوەبەر و کارمەندانی نەخۆشخانەکە کرد.

مەحمود ئەحمەد قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “هەفتەی پێشوو کوڕەکەم بەهۆی تەزووی کارەباوە دڵی لەلێدان کەوت، بەپەلە هێنامانە نەخۆشخانە، دوای هەوڵ و ماندووبونێکی زۆری پزیشک و کارمەندانی نەخۆشخانەکە،  بوژاندنەوەی دڵی بۆ کرا و هاتەوە سەرخۆ”.

باسی لەوەشکرد، ساڵی رابردووش بەهۆی جەڵدەوە خۆی دڵی وەستاوە و هەمان نەخۆشخانە فریای کەوتوون و لە مردن رزگاریان کردووە.

شڤان کوردە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید رەئوف بەگ بە 964ـی وت، لە ماوەی 10 رۆژدا دوو حاڵەتی بوژاندنەوەی دڵیان هەبووە و خۆیان بە خۆشحاڵ دەزانن کە سەرەڕای دواکەوتنی موچە و کەموکوڕییەکانی نەخۆشخانەکە، توانیویانە لە ئاست داواکاری هاوڵاتیاندا بن و بەباشترین شێوە ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری

دڵی لەلێدان کەوت بەڵام ژیانی بۆ گەڕێندرایەوە

دڵی لەلێدان کەوت بەڵام ژیانی بۆ گەڕێندرایەوە

هاوڵاتیەک دڵی لە لێدان کەوت و ژیانی رزگار کرا 

هاوڵاتیەک دڵی لە لێدان کەوت و ژیانی رزگار کرا 

چەند بەشێکی نەخۆشخانەی شەهید رەئوف بەگ ئاوی تێ چووە

چەند بەشێکی نەخۆشخانەی شەهید رەئوف بەگ ئاوی تێ چووە