بارگرانى لەسەر نەخۆش کەم دەکاتەوە

بۆ یەکەمجار لە نەخۆشخانەی ئازادی دهۆک چاندنی ددان بە تەکنیکی نوێ دەستیپێکرد

964+

وریا فەتاح

لە نەخۆشخانەی ئازادیى دهۆک، بۆ یەکەمجار دەست بە رێکارەکانی چاندنی ددان بە شێوازێکی نوێ و پێشکەوتوو کراوە، ئەم پڕۆژەیە بە پاڵپشتی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و ئامانج لێی خزمەتکردنی زیاتری نەخۆشانە.

د. یاسین سدیق، پزیشکی ددان لە نەخۆشخانەی ئازادیی فێرکاری لە دهۆک، رایگەیاند: “بە هەوڵ و پشتگیری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی دهۆک، گۆڕانکاریی گەورە لە بەشی ددان لە نەخۆشخانەی ئازادی کراوە، بەشێوەیەک ئێستا بۆ یەکەمجار دەست بە کاری چاندنی ددان کراوە بە ڕێگەی کەرەستەی سەردەمیانە و پێشکەوتوو.”

وتیشى: “ئەم کەرەستانە یارمەتیدەرن بۆ چاندنی ددان، بە شێوەیەک کە نەخۆش سوودێکی زۆرتر وەربگرێت بەبێ پێویستی بە نەشتەرگەری و بڕینی پووکی نەخۆش، ئەمە یەکەمجارە ئەم کارە لە نەخۆشخانەی ئازادی ئەنجام دەدرێت و بە نرخێکی گونجاو و پاڵپشتیکراوە لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتر بە نەخۆشان بکرێت لە بواری چاندنی دداندا.”

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی دهۆک جەخت لەسەر بەکارهێنانی “کەرەستەی نوێ و سەردەمیانە” دەکاتەوە لە چاندنی دداندا، کە “شتێکی نوێیە و بۆ ئەوەیە نەخۆش سوودی زیاتر وەربگرێت.”