دوێنێ لە شرناخ دەستیپێکردووە
داواكراوه بۆ سیمپۆزیەمی داهاتووى مەلای جزیری توێژینەوە به شێوهزارى ههورامى پێشكهش بكرێت
964+
فەرهاد حەسەن
وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێم دەڵێت، له سیمپۆزیەمی نێودەوڵەتی مەلای جزیری، داواكراوه بۆ داهاتوو توێژینەوە به شێوهزارى ههورامى پێشكهش بكرێت.
لە دوێنێوە، چوارەمین سیمپۆزیەمی نێودەوڵەتی مەلای جزیری لە شاری شرناخی باکووری کوردستان دەستی بە کارەکانی کردووە، تيايدا دەیان توێژەر و ئەکادیمیست و ژمارەیەک توێژەر و رۆشنبیر بەشدارییان تێداکردووە.
وەزارەتی رۆشنبیری بڵاویکردووەتەوە، نامق هەورامی، بەڕێوبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان و وتەبێژی وەزارەت بە توێژینەوەیەکی بەراوردکاری لە بارەی مەلای جزیری و ئیبن عەرەبی لەو سیمپۆزیۆمە بەشداریکردووە و وەکو توێژەرێک توێژینەوەکەی بە هەورامی و لە چوارچێوەی پانێلێکدا پێشکەش کردووە.
دوای گفتوگۆی ئامادەبووان لە بارەی ناوەڕۆکی توێژینەوەکە، سەرۆکی زانکۆی شرناخ، پێشنیازی کردووە، توێژەر بۆ داهاتوو توێژینەوەی دیکە بە هەورامی پێشکەش بکات بۆ ئەوەی توێژەران ئاشنای زیاتری ئەو لقە گرنگەی زمانی کوردی بن.
مەلای جزیری، ناوی شێخ ئەحمەد کوڕی شێخ محەمەدە (1570-1640)، یەکێکە لە دیارترین شاعیرانی کلاسیکی کورد و دامەزرێنەری قوتابخانەی شیعری کرمانجییە، لە جزیرەی بۆتان لەدایکبووە و هەر لەوێش کۆچی دوایی کردووە. وەک زانایانی سەردەمی خۆی، جگە لە زانستە ئایینییەکان، لە فەلسەفە، ئەستێرەناسی، کیمیا و پزیشکیشدا شارەزایی هەبووە و زمانەکانی کوردی، عەرەبی، فارسی و تورکی زانیوە.