"پیازم بکڕیایە باشتربوو"
بەشێک لە خاوەن شوقەکانی ئالان تاوەر 14 ساڵە چاوەڕێن
964+
عەبدولعەزیز خالند – هەولێر
نزیکەی 14 ساڵە بەشێک لە خاوەن شوقەکانی ئالان تاوەر لە هەولێر دەستەوئەژنۆ دانیشتوون و چاوەڕێی وەرگرتنی شوقەکانیانن، بەڵام هێشتا تەواو نەبوون و خاوەن پڕۆژەکەش دەڵێ، لەگەڵ شەریکەکانی کێشەی هەیە و تەواوکردنی پڕۆژەکەش 12 ملیۆن دۆلاری دیکەی پێویستە.
شەماڵ تاهیر، یەکێک لە خاوەن شوقەکان بە 964ـی وت، “کاتێک شوقەکەم کڕی، قژم رەش بوو، ئێستا هەمووی سەرم سپی بووە و 13 ساڵ لەمەوبەر دوایین قیستم دا”.
“19 دەفتەر دۆلارم داوە بەو شوقەیە، پیازم پێ بكڕیایە، باشتر بوو”، شەماڵ تاهیر وای وت.
سەردار ئاکرەیی خاوەنی پڕۆژەکەش قسەی بۆ مایکی 964 کرد و وتی 964ی وت، “لە ساڵی 2009ـەوە دەستمان بەم پڕۆژەیە کردووە و لە 2013ـەوە بەهۆی کورتهێنان و کێشە لەگەڵ شەریکەکانم پڕۆژەکە راگیراوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، تەواو کردنی پڕۆژەکە 12 ملیۆن دۆلاری دیکەی پێویستە و لەهەوڵیشدایە، کێشەکە چارەسەر بکات و کارەکانی پڕۆژەکە دەستپێبکاتەوە.
پڕۆژەی ئالان تاوەر دەکەوێتە سەر شەقامی 120 مەتری هەولێر و لە 150 خانوو و نۆ تاوەری نیشتەجێبوون پێکدێت کە تەنیا سێ تاوەری بەنیوە ناچڵی، رادەستی خاوەنەکانیان کراوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری