هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی - وێنە: socialmedia
هەڤاڵ ئەبوبەکر:
“بەردەوامبوونی ناکۆکییە ناوخۆییەکان دوژمن بە ماڵمان فێر دەکات”
964+
شۆڕش قادری
پارێزگاری سلێمانی دەڵێت، بەردەوامبوونی ناکۆکییە ناوخۆییەکان، زەمینەی لەبار بۆ هەر دەست و پیلانێکی رەش ئاواڵا دەکات و دوژمن بە ماڵمان فێردەکات، داوایش لە هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراق دەکات، ئەرکی پاراستنی هەموو وڵات و بە کوردستانیشەوە لەئەستۆ بگرن.
دوای هێرشەکەی شەوی رابردوو بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، د. هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، “بەناوی پارێزگای سلێمانییەوە، سەرکۆنەی توندی هێرشی ناڕەوای سەر کێڵگەکانی کۆرمۆر دەکەین، پێویستە حکومەتی فیدراڵیی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆی لایەنە دەسەڵاتدارەکان، ئەرکی پاراستن و ئاسایشی هەموو وڵات بەم ناوچانەیشەوە، مکوڕانە لەئەستۆ بگرن”.
داوایشی کردووە، کۆتایی بەم شێوازە ناڕەوا و نادەستوریی و نایاسایی و نامرۆڤانەیە بهێنرێت کە لە دەرەوەی دامەزراوە دەوڵەتییەکان، مەترسیی و هەڕەشە و هێرشی لەم شێوانە درێژە پێدەدەن.
ئاماژەی بەوەشکردەوە، هەڵنەگرتنی بەرپرسیارێتی و ئاشکرانەکردنی ئەو کەس و لایەنانەی لە رابردوو و ئێستادا ئەم تاوانانە دەرهەق بەهەموو خەڵک و خاک و سامان و ئاسایش و سەروەریی عێراقی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان جێبەجێدەکەن، هاندەر و درێژەپێدەری ئەم ناڕەوایەتییانە دەبێت.
هەڤاڵ ئەبوبەکر دەشڵێت، “بەردەوامبوونی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستانیش، زەمینەی لەبار بۆ هەر دەست و پیلانێکی رەش ئاواڵا دەکات و دوژمن بە ماڵمان فێردەکات، داواکارین کۆتایی بەم دۆخانە بهێنرێت و وڵات لە هەر هەڕەشەیەکی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتیی بپارێزرێت.”