"لەسەر سکاڵای چەند راوچییەک"

مەفرەزەیەکی پۆلیسی دارستان فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە

964+

میلاد جەلال – گەرمیان

جاران پۆلیس بەدوای راوچییانەوە بوو، بەڵام ئێستا عەکس بووەتەوە و مەفرەزەیەکی بەشی خانەقینی پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان لەسەر سکاڵای چەند راوچییەک فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە.

ئەو مەفرەزەیەی پۆلیسی دارستان و ژینگە، لەمانگی 7ـی ئەمساڵ و لەکاتی دەرچوونێکیان دەچنە سەر چەند راوچییەک، ئەوانیش بۆئەوەی دەستگیر نەکرێن تەقەیان لە مەفرەزەکەی پۆلیسی دارستان کردووە و پۆلیسێکیان بریندارکرد و ھەڵھاتن، دواتر دادگا فەرمانی گرتنیانی دەرکرد و  راوچییەکان دەستگیر کران.

“دوای ئەوەی دەستگیر کران، راوچییەکان بۆ ئەوەی باری سەرشانی خۆیان سوک بکەن، سکاڵایان لەو مەفرەزەیەی پۆلیسی دارستان کردووە”، ھاشم عەلی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان وای بە 964 وت.

دەشڵێت، “هەرچەندە سکاڵاکەی ئەوان ھیچ بنەمایەکی نییە و دەڵێن، ئەو مەفرەزەیە تەحدایان لێکردووین، بەڵام دادوەر فەرمانی گرتنی بۆ مەفرەزەکەی بەشی خانەقینی پۆلیسی دارستانی گەرمیان دەرکردووە”.

هاشم عەلی ئاشکراشیکرد، ئەو راوچیانە پێنج کەس بوون، مەفرەزەکەی پۆلیسی دارستانیش هەر پێنج کەس بوون، ئەو پۆلیسەشی کە بریندار بووە، دۆخی تەندروستی باشە، بەڵام تائێستا فیشەکەکە لە گیانی دەرنەکراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیارەکەیان ناردووە بۆ دادگای تەمیز و چاوەڕێی وەڵامن، لە کۆتاییدا هەر بڕیارێک دەربچێت، ئەوان پابەند دەبن پێوەی.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری

ئەفسەرێک و دوو پۆلیسی دارستانی گەرمیان بە دوو مانگ زین...

ئەفسەرێک و دوو پۆلیسی دارستانی گەرمیان بە دوو مانگ زیندانی سزا دران

"ئەگەر پۆلیسی دارستانی گەرمیان دۆخی باش ناکەن، هەڵیوەشێننەوە"