زێدەڕۆیی و پەردە لادەبرێن

تەواوی بازاڕ و شەقامەکانی هەولێر رێکدەخرێنەوە

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

شارەوانیی هەولێر بەخۆكەوتووە و هەڵمەتی رێكخستنەوەی بازاڕ و شەقامەكانی دەستپێكردووە، دانانی پەردە و زێدەڕۆیی لە هیچ دوكانێك قبوڵ ناكەن.

سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر لە راگەیاندراوێكدا دەڵێت، لە پێناو پاراستنی سیمای جوانی شار و پێشگرتن لە کاری زێدەڕۆیی، بەدواداچوون و رێکخستنەوەی بازاڕ و شەقامە گشتییەکان بەردەوام دەبێت .

“هەردوو بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی چوار و شەش، بە هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیسی شارەوانی لە سنوورەکەی خۆیاندا، هەڵسان بە لادانی چەندین زێدەڕۆیی بە جۆرێک لەلایەن تیمی شارەوانی چوار دەستکرا بە هەڵگرتنی چەند ئۆتۆمبێلێکی جۆری پیکابی تێکشکاو لە شەقامە گشتیەکان و لادانی ژمارەیەک تابلۆ و ریکلامی نایاسایی لە شەقامی کەسنەزان و رێگای سەرەکی بنەسڵاوە، هاوکات تیمی شارەوانیی شەش بەهۆی پابەندنەبوونی بەشێک لە دوکانداران و نەبردنە ژوورەوەی کەلوپەلەکانیان و هەڵواسینی پەردە، دەستیان کرد بە تۆمارکردنی سەرپێچی “، لە راگەیاندراوەكەی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێردا هاتووە.

شارەوانیی هەولێر لە رۆژانی رابردووشدا، لە سنووری شارەوانیی یەك، هەڵمەتەكەی لە بازاڕەكانی شێخەڵا و قەیسەری و لەنگە ئەنجام دا، كە دوكانەكان بۆ ئەوەی دووربن لە ئاگركەوتنەوە و كارەسات، دەبێت كەلوپەلەكانیان ببنە ژوورەوەی دوكانەكانیان لە كاتی داخستن و نابێت پەردەشی لەسەر دابنێن.