کۆمسیۆن دووری خستەوە

کاندیدێکی دەرچوو بەهۆی ساختەکردنەوە، پەرلەمانی لەکیسچوو

964+

ئەحمەد مستەفا

ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە بڕیارێکدا “موهەنەد خەزرەجی” کاندیدی دەرچووی رێکخراوی “بەدر”ی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دوورخستەوە.

کۆمسیۆن لە راگەیەندراوێکدا، لە زاری عیماد جەمیل بەرپرسی راگەیاندن ئەمڕۆ سێشەممە 25.11.2025 دەڵێ، هۆکاری ئەم دوورخستنەوەیە دەگەڕێتەوە بۆ پێشکەشکردنی زانیاریی ناڕاست و ساختەکردنی پلەی سەربازیی “لیوا” لە سیڤییەکەیدا، هاوکات کۆمسیۆن بڕیاریداوە سەرجەم ئەو دەنگانەی ناوبراو لە پرۆسەی هەڵبژاردندا بەدەستیهێنابوون رەتبکرێنەوە.

رۆژی 20ی ئەم مانگەش، دادگای لێکۆڵینەوەی رەسافەی بەغدا نووسراوێکی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی ئەمنیی دەستەی حەشدی شەعبی کردووە، داوا کراوە ئاگاداریان بکەن، کە ئایا لەنێو لیواکانی دەستەکەتاندا، لیوایەک هەیە بە ناوی “لیوای شەهیدانی نەسر”، هەروەها روونی بکەنەوە ئایا لە ماوەی مانگەکانی رابردوودا وەرگرتنی خۆبەخشی سەربازی لەنێو ئەو لیوایەدا هەبووە یاخود نا.

رێکخراوی بەدر لە هەڵبژاردندا 18 کورسی بەدەستهێنا کە چواریان لە بەغدا بوون، بەگوێرەی بڕیارەکەی کۆمیسیۆن، سەرجەم ئەو دەنگانەی موهەنەد خەزرەجی بەدەستیهێناون بلۆک دەکرێن، محەممەد مەهاوی شوێلی، کاندیدی بەدر لەو بازنەیەکە کە پێنج هەزار و 687 دەنگی هێنابوو، دەچێتە شوێنەکەی.

" کۆگاکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن پارێزراون"