"ئاسهوارى چهقۆ و برین بهسهر جهستهیهوه بووه"
دوای 16 ساڵ نهێنى شاراوه لهبارهى هۆكارى مردنى مایكل جاكسۆن ئاشكرا دهكرێت
964+
فهرهاد حهسهن
دواى 16 ساڵ بهسهر مردنى، ئێستا هۆكاری دیكه بۆ گیانلهدهستدانى پاشای پۆپ مایکل جاکسۆن ئاشكرا دهكرێت، ئهویش بهپێی راپۆرتێكى پشکنینی جەستەیی شوینهوارى چهقۆ و برین بهسهر شوێنێكى جهستهیهوه بووه كه ئهو لە تەمەنی 50 ساڵیدا شاردبوویەوە.
ناوى تهواوى، مایکل جۆزێف واڵتەر جاکسۆن، لە ناوچهى گاری، ئیندیاناى ئەمریکا له 29.8.1958 دایكبوو و له 25.6.2009 له تهمهنى 50 ساڵى به هۆکاری وەستانی دڵ کۆچی دوایی کردووە.
ماڵپهرى كهناڵى (العربیه) بە پشت بهستن به راپۆرتێكی رۆژنامەی “میرۆر”ی بریتانی، بڵاویكردووهتهوه، دوایین راپۆرت لهسهر پشكنینى جهستهى جاكسۆن ئهوهى ئاشكرا كردووه كه پەڵە و برینی چەقۆ بەسەر جەستەیدا بڵاوبوەتەوە، ئەوەش رەنگدانەوەی ململانێی درێژخایەنی لەگەڵ ئازاری درێژخایەن و کەمخەوی و پشتبەستن بە دەرمان ئاشكرا دهكات.
بهپێی راپۆرتەکە، جاکسۆن لەکاتی مردنیدا کێشی نزیکەی 55 کیلۆگرام بووە، کە کێشێکی زۆر کەم بووە لەگەڵ ساڵانێک رێجیمێکی توند و نەشتەرگەری جوانکاری و ئەگەری تێکچونی خواردن.
شوێنەواری برینەکانی چەقۆ لەسەر قۆڵ و شان و رانی دۆزراوهتەوە، کە پێدەچێت لە ئەنجامی دووبارەکردنەوەی دەرزی ئازارشکێنە بەهێزەکان بێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کەمخەوی و ئازاری بەردەوام.
هیچ شوێنەواری دەرمان لە گەدەیدا نەدۆزراوەتەوە، سەرەڕای ئەوەی راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕۆژانە تەنیا یەک ژەمی سووك دەخوات، ئەوهش ئەو گریمانەیە بەهێزتر دەکات کە نزیکەی تەواو وابەستەی دەرزی بووە.
پزیشکی دادوەری، بوونی پەڵەی پشت گوێ و لە هەردوو لای لوتی پشتڕاستکردووهتەوە، ئەوەش ئاماژەیە بۆ ژمارەیەکی زۆر لە نەشتەرگەری جوانکاری کە ئەو گۆرانیبێژە نێودەوڵەتییە لە ماوەی ژیانی هونەریدا ئەنجامی داوە.
بەوتەی شارەزایان، ئەو ئەنجامانە دەرخەری ئەو نهێنییە زۆرەن کە جاکسۆن سەبارەت بە باری تەندروستی خۆی دەیپاراست، بەوپێیەی زۆرجار رێگری لە پزیشکەکان دەکرد بۆ پشکنینی هەندێک بەش لە جەستەی و زۆر بە نهێنی باسی کێشە پزیشکییەکانی دەکرد.
ئەنجامی پشکنینی جەستەی یارمەتیدەرە بۆ روونکردنەوەی هەندێک لە پێشبینییە درێژخایەنەکان سەبارەت بە ململانێ تەندروستییەکانی جاکسۆن، لەوانە ئەگەری ئەوەی کە توشی نەخۆشی بێئاگایی خواردن و ئازاری درێژخایەن و پشتبەستنی زۆر بە دەرمانی رەچەتە بووبێت.
ئاماژە بەوەشکراوە، جەستەی زۆر لاواز بووە، لەگەڵ بەکارهێنانی چڕوپڕی دەرمانەکان، وایکردوە زیاتر ئامادەبێت بۆ کاریگەرییەکانی زیادەڕۆیی لە ژەمی زیادەڕۆیی لە دەرمانی بێهۆشکەری پرۆپۆفۆڵ، ئەو دەرمانەی کە بووەتە هۆی مردنی لەناو ماڵەکەی خۆی لە لۆس ئەنجلۆس.