پێوەری ئاو - وێنە؛ سۆشیال میدیا
دەرفەتێکی تر بۆ بەستنی پێوەری ئاو
پارەی ئاو لە 45 هەزار دینارەوە کەمکرایەوە بۆ 10 هەزار دینار و داشکانیشی لەگەڵە
964+
شۆڕش قادری
دەرفەتێکی تر بۆ بەستنی پێوەری ئاو راگەیەنراو و پارەی ئاو لە 45 هەزار دینارەوە کەمکرایەوە بۆ 20 هەزار و 10 هەزار دینار و داشکانیشی لەگەڵە.
بەپێی راگەیەنراوێکی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێر، لە هەنگاوێکی کردەییدا و لەبەر بەرژەوەندی گشتی و بە ئامانجی سوودمەندبوونی هاوڵاتیان بە بەستنی پێوەری ئاو و کەمکردنەوەی قەرزی کەڵەکەبووی کرێی ئاو لەسەر هاوڵاتیان و هەروەها کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی ئاو، ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم بڕیاریداوە کە دەرفەتێکیتر بدات بەو هاوڵاتیانەی کە تاوەکو ئێستا پێوەری ئاویان نەبەستووە.
بڕیارکەش لە ئەمڕۆ دووشەممەوە 24.11.2025 جێبەجێ دەکرێت و تا رۆژی 1.4.2026 کاری پێدەکرێت.
بڕیارەکە بەم شێوەیەیە کە، ئەو هاوڵاتیانەی لەدەروەی سەنتەری شارەكانن، نرخی کرێی ئاویان لە 45 هەزار دینارەوە بۆ کەم دەکرێتەوە بۆ 10 هەزار دینار و بۆ سەنتەری شارەكانیش، لە 45 هەزار دینارەوە کەم دەکرێتەوە بۆ 20 هەزار دینار.
هەر ئەوەش نا، لەو بڕەش داشکانی 20٪ـی بۆ دەکرێت بەو مەرجەی پابەند بێت بە بەستانی پێوەری ئاو.
بەڕێوەبەڕایەتی ئاوی هەولێر رایگەیاندووە، هەر لە ئێستاوە، ئامادە دەبێت بۆ راییکردنی مامەڵەی هاوڵاتیان لەژێر رۆشنایی بڕیارەکە، بۆیە داوا لە هاوڵاتیان دەکات، سوود لەو دەرفەتەکە وەربگرن و لەم ماویەدا پێوەری ئاو ببەستن.
79٪ـی خەڵک پێوەری ئاویان بەستووە