وێنەگرە گەڕۆکەکەی هەڵەبجە

گەشەی مێشکی هەبوو، بەڵام ئێستا فۆتۆکانی پشوون بۆ مێشک

964+

ئەمەل ناجی – هەڵەبجە

هۆگر ئەحمەد، فۆتۆگرافەرە گەنجەکەی هەڵەبجە، تەمەن و ئەزموونێکی کەم بەڵام لێهاتوویەکی زۆری لە بوارەکەی خۆیدا هەیە، ماوەی کەمتر لە سێ ساڵە کاری فۆتۆگرافی دەکات، بەڵام وردی لە کارەکەیدا و چالاکبوونی رۆژانەی وایکردووە ببێتە سەرچاوەیەکی باشی دەزگا لۆکاڵی و ئاسمانییەکان لە پیشاندانی جوانییەکانی هەڵەبجە.

هۆگری تەمەن 23 ساڵە، خەڵکی هەڵەبجە و دانیشووی شارەکەیە، ئەو منداڵییەکی سەختی تێپەڕکردووە، چونکە لە تەمەنێکی کەمدا پزیشکەکان بە دایک و باوکی هۆگر دەڵێن کە منداڵەکەتان نەخۆشی (دواکەوتنی گەشەی مێشکی)، بەمەش ئەم منداڵە دەبێتە خاوەنپێداویستی تایبەت، دایکی هۆگر دەبێتە فریادڕەسی و لە بەشێک لە قۆناغەکانی  خوێندنیدا بەردەوام لەگەڵیدا دەبێت، و ئەو دوو قوتابخانەیەشی کە لێیـن دەخوێنێت مامۆستای  تایبەتی بۆ دابیندەکەن کە ئەمە هاوکاری هۆگر دەبن بۆ تێپەڕاندنی نەخۆشیەکەی.

دوای تەواوکردنی قۆناغی بنەڕەتی، و بەهۆی هەبوونی بەهرەی وێنەکێشان تێیدا، هۆگر ویستوویەتی بچێتە پەیمانگەی هونەرە جوانەکان بەڵام وەک خۆی دەڵێت:” چەند هۆکارێک رێگر بوون و نەمتوانی بچم”، هەر بۆیە ئەو خەونەی دەگۆڕێت و دەست دەداتە وێنەگرتن، سەرەتا بە مۆبایل، و ماوەی زیاتر لە دوو ساڵیشە بە کامێرا، ئەو ئێستا یەکێکە لە ناوە دیارەکانی ناو کایەی فۆتۆگرافی لە هەڵەبجەدا، ئەمساڵ لە فێستیڤاڵی هەناردا، پلەی یەکەمی لە پێشانگایەکی تایبەت بە هەناردا بەدەستهێنا.

هۆگر هیچ هۆکارێکی گواستنەوەی نییە، بۆ زۆرێک لە چالاکییەکانی ناو شار هەر بە پێ هاتوچۆ دەکات، و بۆ دەرەوەی شاریش لەگەڵ هاوڕێیەکیدا دەردەچن، بەڵام ئەمە رێگر نییە لە چالاکی هۆگر، لەهەر شوێنێک جوانییەک هەبێ ئەو لەوێیە، و بووەتە هۆی پشاندانی جوانی ئەو ناوچانەی کە چاوی کەسی ئاسایی نایبینێت، هەر لە رێی کاری فۆتۆگرافیەکەیەوە هۆکارێکی باشی راکێشانی گەشتیارە بۆ ناوچەکە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

پیاوێک تەمەنی 73 ساڵە و واز لە ئوتوە کۆنەکەی ناهێنێ

پیاوێک تەمەنی 73 ساڵە و واز لە ئوتوە کۆنەکەی ناهێنێ