تەنیا داهێنانێک نەبوو
شاشەى گەورە بۆچى شوێنى شاشەى بچوکى گرتەوە؟
964+
وریا فەتاح
وەک دەڵێن، تەلەفزیۆن جیهانی کرد بە گوندێکی بچووک، بەڵام دواتر چەندین لێکەوتەى بەدواى خۆیدا هێنا.
لەسەرەتادا، تەلەفزیۆنەکان بچووک و رەش و سپی بوون و کوالێتییەکی کەمیان هەبوو، بەڵام لەو سەردەمەدا، ئەمە شۆڕشێک بوو، خەڵک لە دەوری شاشەیەکى سیحراوى کۆدەبوونەوە بۆ بینینی هەواڵ و کات بەسەربردن.
بەڵام شاشە بچووکەکان لێکەوتەی دیکەیان هەبوو، وردە وردە، تەلەفزیۆن چووە ناو ژوورە تاکەکەسییەکان و هەر ئەندامێکی خێزان تەلەفزیۆنی تایبەت بە خۆی هەبوو، ئەمەش وایکرد خێزانەکان لەیەکتر داببڕێن و گفتوگۆ و کۆبوونەوەی خێزانی کەم بێتەوە.
دواتر، تەکنەلۆژیا پێشکەوت و شاشە گەورە و زیرەکەکان (Smart TVs) هاتنە ئاراوە.
ئەم شاشە گەورانە تەنها داهێنانێک نەبوون، بەڵکو وەڵامێک بوون بۆ ئەو دابڕانەی کە شاشە بچووکەکان دروستیان کردبوو.
شاشە گەورەکان بوونە تەلەفزیۆنی هۆڵەکان، خێزانەکانیان هێنایەوە یەک و جارێکی تر بوونە هۆکارێک بۆ کۆبوونەوە و گفتوگۆ و بەسەربردنی کاتێکی پێکەوەیی.
ئەم گۆڕانکارییە، دۆخی قسەکردن و دانوستانی گەڕاندەوە ناو خێزان، بەڵام گەشتەکە لێرە کۆتایی نەهات، داهێنانی مۆبایل و مۆبایلی زیرەک، دیسانەوە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دروستکرد و بوونەوە هۆى دابڕانى خێزان و تەونى کۆمەڵایەتى.