دەیفرۆشنەوە
دیاردەی نەمان و دزینی سەرەمەنهۆڵ لە هەولێر بەردەوامە
964+
عەبدولعەزیز خالند – هەولێر
هەموو ساڵێک ئەو دیاردەیە لە هەولێر کە دیارنەمان و دزینی سەرەمەنهۆڵە دووبارە دەبێتەوە و ئاوەڕۆی هەولێریش دەڵێت دەیبەن و لە بازاڕی دزان دەیفرۆشنەوە.
زەردەشت سەرسام بەڕێوبەری ئاوەڕۆی هەولێر قسەی بۆ 964 کرد و وتی، لە بارەی دیارنەمان یان دزینی سەرەمەنهۆڵ، کەسانێک هەڵدەستن بەو کارە لە کاتێکدا کە خەڵکی لە خەودان، دەچن لە پێش ماڵان یان شەقامە سەرەکییەکان، ئەو شەقامانەی کە هەست بە چۆڵی دەکرێن ئەو دیاریدەیە روودەدات. ئێمەش لە لایەن خەڵکییەوە ئاگادار دەکرێینەوە.
وتیشی، ئەوەی ئێمە بەدواداچوونمان بۆ کردووە و دەبینین و پێمان دەڵێن دەفرۆشرێتەوە لەبازاڕی دزان، چونکە سەرەمەنهۆڵەکان کێشیان زۆرقورسە و تەنها چوارچێوە و و بازنەکەی 130 کیلۆیە، ئەو پارچەیەی کە دەدزرێت نزیکە 70 کیلۆیە، هەروەها بە کیلۆ دەفرۆشرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە سنووری پارێزگای هەولێر زیاتر لە 140 هەزار سەرەمەنهۆڵ هەیە، بەڵام رێژەی بزربوونەکەی دیار نییە، چونکە لەبەر کەمی کارمەند نەمانتوانیوە سەرژمێری بۆ بکەین، بۆیە تەنها لە لایەن هاوڵاتیانەوە ئاگادار دەکرێنەوە و ئەمەش تەواوی رێژەکە نییە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی