لە هەرێمى کوردستان
لەماوەى یەک ساڵدا: نزیکەى 83 هەزار دەنگى پوچەڵ زیادى کردووە
964+
وریا فەتاح
لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستاندا کە لە 20.10.2024 بەڕێوەچوو، 206 هەزار و 434 دەنگ کۆى دەنگە پوچەڵەکانى بووە لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان، هەروەها لە هەڵبژاردنى خولى شەشەمى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق کە لە 11.11.2025 بەڕێوە چوو، کۆى دەنگى پوچەڵ بۆ 289 هەزار و 205 دەنگى پوچەڵ بەرز بووەوە.
بەمەش تەنیا لەماوەى یەک ساڵ و لە نێوان دوو هەڵبژاردندا، 82 هەزار و 771 دەنگى پوچەڵ زیادى کردووە.
هەرچەندە لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، بەهۆى زۆرى رێژەى دەنگى پوچەڵ ژمارەیەک لایەن بانگەشەى ئەوەیان کرد کە دەنگەکان دەستکاریکراون و هەڵبژاردنەکە “دیزاینکراوە”، بەڵام بۆ هەڵبژاردنى ئەمجارە سەرەڕاى بەرزبوونەوەى رێژەى دەنگى پوچەڵ، کەچى وادیارە هەموو لایەنەکان لە ئەنجامەکان رازیین و لایەنە بەشدارەکان بانگەشەى ئەوە ناکەن کە هەڵبژاردنەکە دیزاینکراوە یاخود نا.
رێژەى دەنگى پوچەڵ و دروست لە هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى عێراق بەم شێوەیەیە:
– لە پارێزگای هەولێر : 116هەزار و 900 دەنگی پووچەڵ و 683 هەزار و 989 دەنگى دروست، هەبووە.
– لە پارێزگای سلێمانی: 137هەزار و 611 دەنگی پووچەڵ و 604 هەزار و 645 دەنگى دروست هەبووە.
– لە پارێزگای دهۆک: 34 هەزار و 694 دەنگی پووچەڵ و 590 هەزار دەنگى دروست، هەبووە.
دەنگى دراو لە هەر پارێزگایەک بەم شێوەیە بووە:
هەولێر: 800 هەزار و 889 دەنگ
سلێمانى: 742 هەزار و 256 دەنگدهۆک: 624 هەزار و 971 دەنگ.
کۆى گشتى:
2 ملیۆن و 168 هەزار و 116 دەنگ دراوە، لەو ژمارەیە 1 ملیۆن و 878 هەزار و 911 دەنگى دروست و 289 هەزار و 205 دەنگى نادروست بووە.