"ئەرکی نیشتمانی و ئەخلاقیی سەرشانمانە"
لە شاخی بەرانان وەرزی کەڵەهەرزە و داوای پاراستنی ئاژەڵە کێوییەکان دەکرێت
964+
شۆڕش قادری
ورزی کەڵەهەرز لە شاخی بەرانان دەستیپێکردووە و قایمقامیەتی دەربەندیخانیش دوا لە هاوڵاتیانی ئەو دەڤەرە دەکات، لەم وەرزە هەستیارەدا پارێزگاری لە ئاژەڵە کێوییەکان بکەن.
شاری دەربەندیخان بە سروشتە جوان و ناوازەکەی و بوونی ئاژەڵە کێوییە بەنرخەکان لە شاخ و دەشتاییەکانیدا ناسراوە، کە بووەتە هێما و رازێنەرەوەی ژینگەی دەورووبەری ئەو شارە، قایمقامیەتی دەربەندیخانیش لە ئاگادارییەکدا دەڵێت، ژمارەی ئاژەڵە کێوییەکان بەردەوام لە زیادبووندایە و ئەوەش بەرهەمی ماندوبوونی ئەفسەر و کارمەندانی بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگە، هێزە ئەمنییەکان و هۆشیاری دانیشتووانی ئەو دەڤەرەیە بەرامبەر ژینگەی ناوچەکە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “لەئێستادا کە وەرزی زاوزێ و زیادکردنی ئاژەڵە کێوییەکانە کە بە وەرزی کەڵەهەرز ناسراوە بە پێویستی دەزانین داوابکەین لە هاوشاری و میوانانی شارەکەمان کە پێکەوە لەپێناو پاراستنیان هاوکار و هەماهەنگبین، پاراستنی ئاژەڵ و ئەو ژینگە جوانە ئەرکێکی نیشتمانی و ئەخلاقیی سەرشانی هەموومانە، داواکارین هاوکاری هێزە ئەمنییەکان و ژینگەدۆستان بن و بەردەوام بن لە پێدانی زانیاری و هاوکاری لە کاتی بینینی هەر هەوڵێکی نایاسایی راوکردن”.
قایمقامیەتی دەربەندیخان دووپاتیشی دەکاتەوە، “لەم وەرزە هەستیارەدا، راوکردنی ئاژەڵە کێوییەکان دەبێتە هۆی کەمبوونەوە و لەناوچوونیان، بۆیە پاراستنی ئەم سامانە سروشتییە، روویەکی جوانتری شارەکەمان نیشانی هەمووان دەدات و زامنی بەردەوامبوونی ژیانێکی تەندروستە بۆ نەوەکانی داهاتوومان، کەواتە با هەموومان دەربەندیخان بکەینە نموونەیەک لە پاراستنی ژینگە و ئاژەڵە کێوییەکان”.