متمانەیان بە سیستم و دامەزراوەکانی دەوڵەت نەماوە
گەنجانی ئەمریکا کۆچ دەکەن بۆ وڵاتانی دیکە
964+
ژێوار خدر
ئێستا و بۆ دووەمین ساڵ لەسەریەک، دیاردەیەکی سەیر لە ئەمریکا بەدیدەکرێت، نزیکەی یەک لە پێنجی هاوڵاتییانی ئەمریکا دەڵێن، ئەگەر دەرفەتیان هەبێت، دەیانەوێت بۆ هەمیشەیی وڵاتەکەیان بەجێبهێڵن و بچنە دەرەوە.
بەڵام ئەوەی سەیرە ئەوەیە ئەم حەزە بە شێوەیەکی بەرچاو لەلایەن ژنانی گەنجەوە سەرچاوە دەگرێت، بەپێی توێژینەوەکانی گالەپ (Gallup)، کە رێکخراوێکی بەناوبانگی جیهانییە بۆ ئەنجامدانی راپرسی و لێکۆڵینەوە لەسەر بۆچوونی گشتی، لە ساڵی 2025 دا، ژنانی تەمەن 15 بۆ 44 ساڵ بە رێژەی 40% دەڵێن حەزیان لێیە کۆچ بکەن، کە ئەمەش چوار هێندە زیاترە بە بەراورد بە ساڵی 2014، ئەم ژمارەیە لە دەوروبەری ساڵی 2016ەوە بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و بەردەوام بووە، تەنانەت لە سەردەمی سەرۆکایەتییە جیاوازەکانیشدا، ئەمەش نیشانەی گۆڕانکارییەکی گەورەترە لە بیرکردنەوەی ژنانی گەنجدا.
ئەم زیادبوونە لبۆ ئارەزووی کۆچکردن، بۆشاییەکی گەورەی لە نێوان ژن و پیاوانی گەنجدا دروستکردووە، ئێستا 40%ی ژنانی گەنج دەیانەوێت بڕۆن، بەڵام تەنیا 19%ی پیاوانی گەنج ئەو حەزەیان هەیە، ئەم جیاوازییە لە هیچ وڵاتێکی دیکەدا بەم رێژە بەرچاوە نییە، هۆکارەکانی ئەم حەزە تەنیا پەیوەندی بە تەمەن و جێندەرەوە نییە، بەڵکو رەهەندێکی گەورەی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەیە. لە ساڵی 2025دا، بابەتەکە زۆر سیاسی بووە و جیاوازییەکی 25 خاڵ لە نێوان ئەوانەی لە سەرکردایەتی وڵات رازین و ئەوانەی ناڕازین بەدی دەکرێت، ئەمەش واتای ئەوەیە ئەوانەی ناڕازین بە ئاڕاستەی وڵات، بە رێژەیەکی زۆر زیاتر حەزیان بە کۆچکردنە، ژنانی گەنجیش زیاتر مەیلیان بۆ پارتە دیموکراتەکان هەیە، ئەمەش بەشێکە لەو هۆکارانەی بۆچی ئەوان زیاتر لە پیاوان و کەسانی بەتەمەنتر دەیانەوێت وڵات بەجێبهێڵن، چونکە رەنگە لە سیاسەت و ئاراستەی وڵات ناڕازی بن.
یەکێکی دیکە لە هۆکارە سەرەکییەکان، لەدەستدانی متمانەیە بە دامەزراوەکانی دەوڵەت، بەپێی توێژینەوەکە ژنانی گەنج زۆرترین متمانەیان بە دامەزراوە گرنگەکانی ئەمریکا، وەک حکومەت و دادگاکان، لەدەستداوە، لە ساڵی 2015 دا ئاستی متمانەیان 57 خاڵ بوو، بەڵام ئێستا بە 17 خاڵ دابەزیوە.
بڕیاری دادگای باڵا لە ساڵی 2022 سەبارەت بە مافی لەباربردنی منداڵ، بە شێوەیەکی بەرچاو کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی متمانەیان بە سیستەمی دادوەری هەبووە، جێگای سەرنجە کە ئەم حەزە بۆ کۆچکردن، چیتر تەنیا لەنێو ئەو ژنانەدا نییە کە هاوسەرگیرییان نەکردووە یان منداڵیان نییە، بەڵکو تەنانەت ژنانی گەنج کە هاوسەرگیرییان کردووە یان منداڵیان هەیە، بە هەمان رێژە دەیانەوێت کۆچ بکەن.
کەنەدا یەکەمین هەڵبژاردەیە بۆ ئەو ژنانەی کە دەیانەوێت کۆچ بکەن. لە کۆتاییدا، ژنانی گەنجی ئەمریکی ئێستا لە هاوتاکانیان لە وڵاتانی پێشکەوتووی دیکە و لە باقی هاوڵاتییانی ئەمریکاش جیاواز دەردەکەون، چونکە متمانەیان بە دامەزراوەکانی وڵاتەکەیان نەماوە و داهاتووی خۆیان لە دەرەوەی سنوورەکانی ئەمریکا دەبینن.