هەولێر

قۆناغی یەكەمی قیركردنەوەی شەقامی 100 مەتری كۆتایی هات

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

شارەوانیی هەولێر رایگەیاند، تیمەكانیان شەوی رابردوو تا درەنگ كاریان كردووە و قیرتاوكردنی بەشێكی شەقامی 100 مەترییان تەواو كرد، كە فلكەی باز تا پێش زانكۆی تیشك بووە.

سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر و زانیاری و وێنەی كاركردنی تیمەكانی بڵاوكردەوە و ئاماژەی بەوەداوە، شەوی رابردوو كارەكانی قیرتاو و نۆژەنكردنەوەی شەقامی 100 مەتری، لە بەشی یەكەمیدا و لە فلكەی باز تا شەقامی زانكۆی تیشك كۆتایی هات و تا 11ی شەو كاریان كردووە.

بەگوێرەی ئەندازیاری پڕۆژەكە، كە هەفتەی رابردوو بۆ 964 قسەی كرد، نۆژەنكردنەوەی شەقامی 100 مەتریی هەولێر، بە چوار قۆناغ دەبێت و رەنگە چوار مانگ بخایەنێت.

لای خۆیەوە پارێزگای هەولێر بڵاویكردەوە، نۆژەنکردنەوە و قیڕتاوکردنی شەقامی 100 مەتری

بە بڕی سێ ملیار و 550 ملیۆن دینار لە سەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار جێبەجێ دەكرێت، كە لە چوارڕێیانی مەخموور تا چوارڕێیانی موسڵ بە درێژیی هەشت كیلۆمەتر بە هەردوو دیوی شەقامەكە دەبێت.