"سلێمانی منی کردە هونەرمەند"
ئاکۆ سەنگاوی فیلمی وەلا ناوە و حەزیشی بە فەوزا نەماوە
964+
دیلان محەمەد- سلێمانی
ئاکۆ سەنگاوی، ئەو پیاوەی بە رۆڵی سالە لە فیلمەکانی ئێمەی بە دنیایەکی جیاواز لە کۆمیدیا ئاشناکرد، هۆگری سلێمانی بووە و تاقەتی فەوزاشی نەماوە و دەڵێت، سێ رۆژ ناوم جوعمە بووە.
لەگەڵ نزیک بوونەوەی یادی سلێمانی ئاکۆ سەنگاوی بۆ 964 چەندین چیرۆکی خۆشی گێڕایەوە و وتیشی، ئەم شارە منی کردە هونەرمەند و ئەوەی بێت تێیدا بژی، هۆگری دەبێت، خۆشترین شارە و چەند مانگێک لە سلێمانی بیت بیری دەکەیت، شارێکی فرە رەهەند و مەنبەعی نوکتەیە.
لەم کەین و بەینایە ئاکۆ سەنگاوی لە قسەی خۆش نەکەوت وتی، من لە هەوێدا 1985 لەدایکبووم، بەڵام ساڵی 1984 بیرە و کاتێکێش لەدایکبووم، سێ رۆژ ناوم جوعمە بووە و دوایی گۆڕیویانە.
لە بارەی کاری هونەرییەوە بێ هیوا بوو لە بەرهەمهێنانی فیلم و دەڵێت، سیناریۆم زۆرە بەڵام ئەم شارە خۆی بووەتە فیلم و جارێ کاتی نییە، بەڵام فێرگەیەکی موزیکم کردووەتەوە و هاوکاری هونەرمەندانی گۆرانیبێژ دەکەین بۆ ریکۆردکردنی بەرهەمەکانیان.
پێداچوونەوە: پەری ساڵح