لەگەڵ نێردەی ئەمریكا قسەی كردووە

مەزڵوم عەبدی: پابەندین هێزەكانمان تێكەڵی هێزەكانی سوریا بكەین

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) مەزلوم عەبدی لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ تۆماس باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سوریا، پابەندبوونی خۆی بە خێراکردنی تێکەڵکردنی هێزەکانی لە دامەزراوەکانی دەوڵەتی سوریا دووپاتکردەوە. ئەو بانگەوازە بۆ تاوتوێکردنی دیدارەکەی ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆکی سوریا لە کۆشکی سپی ئەنجامدرا.

سكای نیوز بڵاویكردەوە، عەبدی ئاماژەی بەوە کردووە، “پەیوەندیکردنی سوریا بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش هەنگاوێکی سەرەکییە بەرەو بەهێزکردنی هەوڵە هاوبەشەکان و پاڵپشتیکردنی دەستپێشخەرییەکانی ئامانجی گەیشتن بە شکستی هەمیشەیی گرووپەکە و نەهێشتنی مەترسییەکانی لەسەر ناوچەکەدا”.

هەروەها وتوویەتی، “بە پەرۆشەوە لەگەڵ هاوبەشەکانمان و بە هەماهەنگییەکی نزیک کاردەکەین بۆ پێشکەوتن بەرەو ئایندەیەکی خۆشگوزەرانتر و دڵنیاتر بۆ گەلەکەمان لە سوریایەکی یەکگرتوودا”.

هێزەکانی سوریای دیموکرات وەک هاوبەشی سەرەکی هاوپەیمانی دژ بە داعش بە سەرکردایەتی ئەمریکا لەسەر زەوی لە سوریادا دەمێنێتەوە و رۆڵێکی چارەنووسسازیان لە شکستی داعش لە سوریا بینیوە لە ساڵی 2019دا، بەڵام بەرپرسانی ئەمریکا و سوریا دەڵێن پاشماوەکانی داعش هێشتا مەترسی دروست دەکەن، ئەگەرچی بچووکیش بن، جارجارە هێرشی رێكخراو دژی هێزە کوردی و سوریاییەکان لە سەرانسەری وڵاتدا ئەنجام دەدەن.

رۆژی 10ی ئاداری رابردوو، لەژێر فشاری ئەمریکا، مەزلوم عەبدی و ئەحمەد ئەلشەرع رێککەوتنێکی چوارچێوەیی هەشت خاڵییان واژۆکرد بۆ یەکخستنی پێکهاتە مەدەنی و سەربازییەکانی سەرکردایەتی کورد لەگەڵ حکومەتی ناوەندیی سوریادا.

هەسەدە: چەکدارانى حکومەتى کاتیى سوریا و  نزیک لە تورکیا...

هەسەدە: چەکدارانى حکومەتى کاتیى سوریا و نزیک لە تورکیا کۆمەڵکوژیان ئەنجامداوە