لێدانی سەربازەکە لە کوڕە گەنجەکە - دیمەن: بۆ 964 نێردراوە
بابه‌ته‌كه ئاڵاى كوردستانه
وەزارەتی پێشمەرگە: بە توندی سەرکۆنەی رەفتاری سوپای عێراق ده‌كه‌ین
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
وەزارەتی پێشمەرگەى هه‌رێم رایگه‌یاند، بە توندی سەرکۆنەی ره‌فتارە ناشرینەکانی ئەو چەند سەربازەی سوپای عێراقی دەکەن کە لە دوزخورماتو هێرشیان کردە سەر گەنجێکی کورد، تەنها لەبەر ئەوەی ئاڵای کوردستانی هەڵگرتبوو.
بەیانیی ئەمڕۆ سێشه‌ممه له‌كاتی به‌ڕێوه‌چونی ده‌نگدانی گشتی لە خورماتو چەند سەربازێکی سوپای عێراق پەلاماری هاوڵاتییه‌كیاندا كه ئاڵای كوردستانی هه‌ڵگرتبو، به‌پێی دیمه‌نێكی ڤیدیۆیی كه دوای رووداوه‌كه بڵاوكراوه‌ته‌وه، ده‌ركه‌وتوه، پەلاماردانەکە لەسەر ئاڵای کوردستان بووە.
وەزارەتی پێشمەرگەی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له راگه‌یه‌ندراوێكدا باسی له‌وه‌كردوه، ئەو رووداوە پێشێلکردنێکی روونی مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤە، ئاڵای کوردستان نیشانەی ناسنامە و شانازی کوردستانە، کە بەپێی دەستور دانی پێدانراوە لە عێراقی فیدڕاڵی دیموکراتیدا هیچ کەسێک نابێت بەهۆی هەڵگرتنییەوە ببێتە ئامانجی توندوتیژی و دەستدرێژی.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه، “داوا لە لایەنی یاسایی و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق دەکەین کە بە خێرایی هەنگاو بنێن و لێپرسینەوەیەکی جددی بکەن لەسەر ئەم رووداوە و بەرپرسیارانی ئەم کردەوەیە بدرێنە دادگا و رێگری بکرێت لە دوبارەبوونەوەی ئەم کردەوە نەخوازراوانە، کە خزمەت بە ئاشتی پێکەوە ژیانی پێکهاتەکانی ئەم ناوچانە ناکات”.