ململانێی نرخ له‌نێوان گه‌ڕه‌كه میللی و كۆمه‌ڵگه‌كانى نیشته‌جێبوون
پڕۆژه‌كانى “رووناکی و ئاو” بازاڕی خانووبەرەی هەولێرى بردووه‌ته قۆناغێکی نوێوه
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
بەردەوامی دابینکردنی خزمەتگوزارییە حکومییەکانی وەک ئاو و کارەبا، خه‌ریكه جۆرێك له ململانێ له نێوان پڕۆژه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى نیشتەجێبوون و گەڕەکە میللییه‌كانى شاری هەولێر دروستده‌كات، گۆڕانكارییه‌ك دێته ئارا كه رێگەی بە گەڕەکەکان داوە لەسەر حیسابی پڕۆژە تایبەتەکان زەمینەسازی بکەن، ئەمەش کاریگەری راستەوخۆی لەسەر نرخەکان هەبووە، شارەزایانی خانووبەرە پێشبینی دەکەن کە بەردەوامی کێبڕکێ لە نێوان ئەو خزمەتگوزاریانهى کە لەلایەن حکومەتەوە لە گەڕەکە میللییەکاندا پێشکەش دەکرێن و ئەوانەشی کە لەلایەن کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونەوە پێشکەش دەکرێن، دەبێتە هۆی هەڵاوسانی نرخ کە سوود بە بەکارهێنەران دەگەیەنێت.
پڕۆژه‌كانى کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی تایبەت، تاکە بژاردە بوو بۆ ئەو دانیشتووانەی کە بەدوای ماڵێکدا دەگەڕان کە کارەبا و ئاوی متمانەپێکراویان هەبێت، ئه‌مه‌ش وایكردبوو كه جیاوازی نرخ لە نێوان خانوی گەڕەکە میللییەکان و ئەوانەی لە کۆمەڵگەی نیشتەجێبووندان به‌رزتر و فراوانتر بێت.
ئێستا، کەلێنی نێوان خانوى گه‌ڕه‌كه‌كان و كۆمه‌ڵگه نیشته‌جێبوونه‌كان کەم بووەتهوە، ئه‌ویش دوای خستنەگەڕی پڕۆژەی کارەبای “رووناکی”، کە کارەبای بەردەوامی 24 کاتژمێری بۆ گەڕەکەکان دابیندەکات، دواتریش دەستپێکردنی قۆناغی یەکەمی پڕۆژەی ئاو.
ئه‌م پڕۆژه خزمه‌تگوزارییانه وایانكردووه، کۆمەڵگە نیشتەجێبوونهكان هەندێک لە گرنگترین سوودەکانیان لەدەست بده‌ن، بەڵام هێشتا لە رووی پارک و گۆڕەپانی گشتی و ئامرازەکانی کات بەسەربردن و پاکوخاوێنیەوە پێشەنگی کێبڕکێیان پاراستووە، به‌ڵام ئەگەر خزمەتگوزارییەکانی حكومه‌ت لەناو گەڕەکەکاندا بەردەوام بێت و به‌ره‌و باشتربوون هه‌نگاوى زیاتر بنێت، ئەوا ملمڵانێی نێوان هەردوو کەرتەکە چڕتر دەبێتەوە، ئەمەش راستەوخۆ کاریگەری لەسەر نرخەکان و خۆشگوزەرانی دانیشتووان دەبێت.
نزار عوبێد خدر، بەرپرسی لقی خانووبەرەی خۆشناوەتی، مەزەندە دەکات کە نرخی خانووبەرە لە كۆمه‌ڵگه‌كانى نیشته‌جێبوون نزیکەی پێنج هەزار دۆلار دابەزیوە، لەگەڵ هەندێک گۆڕانکاری بەپێی نرخی ره‌سه‌ن، ئاماژە بەوەشدەکات کە زیادبوونی ژمارەی كۆمه‌ڵگه نوێیه‌كانى نیشته‌جێبوون لە بەغدا رۆڵی هەبووە لە فراوانکردنی دابینکردن و سنووردارکردنی نرخەکان له‌هه‌ولێر.
نزار، پێشبینی دەکات کە به زیادبوون و به‌رده‌وامیی خزمەتگوزارییەکانی حكومه‌ت قۆناغێکی نوێ لە بازاڕی خانووبەرەدا دەستپێده‌کات، جۆرێك هاوسەنگی لە نێوان کەرتی تایبەت و گشتیدا ده‌هێنێته ئاراوه.
لقى خۆشناوەتی خانووبەرە، ئامادەیە هاوکاری کڕیاران بکات بە راوێژکاری بێبەرامبەر بە ژمارە تەلەفۆنی 07502805656، ئەمە جگە لە پێشکەشکردنی هەموو خزمەتگوزارییەکانی کڕین و فرۆشتن بە رێژه‌یه‌كى كه‌م لە 1% ـه.
نزار عوبێد به 964ـى وت، لەم دواییانەدا شاری هەولێر گۆڕانکارییەکی بەرچاوی لە رووی بازاڕی خانووبەرەدا بەخۆیەوە بینیوه، خواست لەسەر شوقە لە کۆمەڵگە نیشتەجێبوونەکاندا کەمی کردووە و له‌به‌رامبه‌ریشدا کڕینی خانوو لەناو گەڕەکە میللیەکاندا له‌زیادبوونه، ئەمەش بەهۆی سێ هۆکاری سەرەکییەوە.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه، پێشتر کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون تاکە بژاردە بوو بۆ دانیشتووان و وەبەرهێنەران کە بەدوای دابینکردنی کارەبای 24/7 جێگیر و دابینکردنی ئاوی بەردەوامدا دەگەڕان، لە بەرامبەردا گەڕەکە میللییەکان بەدەست خزمەتگوزاری ناتەواو و چەندین سەرچاوەی کارەباوە دەیانناڵاند، لەوانەش تۆڕی نیشتمانی و مۆلیدەکان، ئەمە جگە لە کێشەی سیستەمی ئاوەڕۆ و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی دیکە، ئه‌مه‌ش ببوه هۆی ئەوەی زۆرێک لە دانیشتووان، چ خەڵکی رەسەن و چ تازەهاتووان، روو لە کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون بکەن.
روونیده‌كاته‌وه “جێبه‌جێكردنى پرۆژەی کارەبای رووناکی کە کارەبای 24/7 دابین دەکات بۆ سەرجەم گەڕەکەکانی شاری هەولێر، لەگەڵ باشترکردنی خزمەتگوزاری ئاو کە ئێستا بە بەردەوامی لە زۆربەی ناوچەکاندا بەردەستە لەدوای کارپێکردنی پڕۆژەی ئاوی نوێ، هاوسەنگی بۆ بازاڕی خانووبەرە گەڕاندۆتەوە و وایكردووه كڕیار زیاتر ده‌ستى به خانووبەرەى گەڕەکەکان بگات”.
ئەم گۆڕانکارییە زیاتر لەو گەڕەکانەدا دیارە کە دەکەونە ناوەندی شار و نزیک لە قوتابخانە و بازاڕ و دامەزراوە حکومییەکان و چوار شه‌قامی بازنەیی.
“ئەم هۆکارانه‌ى سه‌ره‌وه بووەنهتە هۆی دابەزینی بەرچاوی نرخی شوقە و موڵک لەناو کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی هەولێر، کە بەپێی رووبەر و جۆری موڵکەکە لە نێوان پێنج هەزار تاوه‌كو 10 هەزار دۆلار مەزەندە دەکرێت و له به‌رامبه‌ریشدا نرخی خانوو لە ناو گەڕەکە نیشتەجێبوونەکاندا وردە وردە بەرزبووەتەوە” ئه‌مه‌ش قسه‌ى نزار عوبێده بۆ 964.