تیروپشک بۆ دابەشكردنی چوار هەزار پارچە زەوی دیكە لە هەولێر ئەنجامدرا
ناوی ئەوانەی زەوییان بۆ دەرچوو لە 964 ببینە
تیروپشک بۆ دابەشكردنی چوار هەزار پارچە زەوی دیكە لە هەولێر ئەنجامدرا
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
لە هەولێر و لە قۆناغی چوارەمدا تیروپشك بۆ چوار هەزار پارچە زەویی دیكە كرا و خاوەنەكانیان دیاریی كران.
ئەمڕۆ دووشەممە 10.11.2025 لە رێوڕەسمێكدا تیروپشك بۆ دابەشكردنی چوار هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەرانی سنووری هەولێر ئەنجامدرا و ناوەكان راكێشران، كە لە وەزارەتە جیاجیاكانی هەرێمن، هەروەها ژمارەیەك خانەنشینیش زەوییان بۆ دەرچوو
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم ساسان عەونی لە تیروپشكەكە ئامادەبوو، لە لێدوانێكیشدا وتی، ئەمڕۆ لە قۆناغی چوارەمی دابەشكردنی زەویدا بەسەر فەرمانبەرانی هەردوو راژەی سەربازی و مەدەنی لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر، دابەشكردنی چوار هەزار پارچە زەویدا رادەگەیەنین، كە لەو تیروپشكەدا بەسەر فەرمانبەران دابەش دەكرێن.
ئاشكراشی كرد، لە سێ پرۆسەكەی دیكەی دابەشكردنی زەویدا نزیكەی 25 هەزار پارچە زەوی دابەش كراون و ئەمڕۆش چوار هەزاری دیكە دابەش كرا.
“كاركردنی تیمەكانی شارەوانی لە پرۆسەی دابەشكردنی زەوی بەردەوامە بۆ ئەوەی قۆناغی دیكەی زەوی بۆ فەرمانبەران تیروپشكیان بۆ بكرێت و سەرجەم فەرمانبەران ببنە خاوەن زەویی خۆیان”، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار وای وت.
لە ئاداری رابردووەوە بڕیاری دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی كوردستان لە لایەن سەرۆك وەزیرانی كوردستان مەسرور بارزانییەوە دەرچووە و پرۆسەكە لە شارەكانی كوردستان بەردەوامە، ئەمەش دوای ئەوەی ماوەی 15 ساڵ دابەشكردنی زەوی بە فەرمی بەسەر فەرمانبەران وەستابوو.
هاوكات ناوی ئەوانەی ئەمڕۆ زەوییان بۆ دەرچوو، لەو لینكەدا ببینە.