چییان كردووە؟
بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەری هەواڵەكانی BBC دەستیان لەكاركێشایەوە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
بەڕێوەبەری گشتی دامەزراوەی هەواڵی بەریتانیا BBC تیم دەیڤی و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری هەواڵەکان دیبۆرا تۆرنەر دەستیان لەکارکێشایەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو رەخنەی بەرفراوان لە رووماڵەكانی دەزگاكە گیرا، كە دەگوترێت لایەنگری پێوەدیارە، هەروەها رەخنەیان لێگیرا بەهۆی شێوازی داڕشتنەوەی وتارێکی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا.
دەستلەکارکێشانەوەکان دوای زنجیرەیەک تۆمەت هاتن، کە دەگوترێ BBC نەیتوانیوە بێلایەنی سیاسی لە راپۆرتەکانیدا بپارێزێت، بە تایبەتی سەبارەت بە رووماڵکردنی هێرشکردنە سەر باڵەخانەی كۆنگرێسی ئەمریكا لە 2021 و شەڕی ئیسرائیل و غەززە.
چەند زانیارییەك دزەی پێكراوە، كە ئاشکرایان کردووە، بەرنامەی بەناوبانگی “پانۆراما” دوو بەشی وتارەکەی ترەمپی بە شێوەیەک دەستکاری کردووە کە وا دەرکەوتووە ئەو هانی توندوتیژی لەناو خۆپیشاندەراندا دەدات و وایلێكردوون هێرش بكەنە سەر كۆنگرێس، ئەمەش مشتومڕێکی گەورەی لەسەر پابەندبوونی دامەزراوە میدیاییەكە بە ستانداردە پیشەییەکان دروستکردووە.
تیم دەیڤی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەی دوای وردبینی لە داخوازییە کەسی و پیشەییەکانی سەرکردایەتیکردنی دامەزراوەكە لە قۆناغێکی ئاوا هاتووە، كە پڕ بووە لە ئاڵنگاری.
ئاماژەی بەوەش کردووە، دەیەوێت دەرفەت بداتە كەسانی دیكە بۆ پەرەپێدانی پلانەكانی دامەزراوەكە
هاوکات کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپیی ئەمریكا، BBC تۆمەتبار كرد بە “زانیاری هەڵەی بە ئەنقەست” بە پەخشکردنی گرتە هەڵبژێردراو و دەستکاریکراوەکانی وتارەکەی ترەمپ لە فیلمێكی دیکۆمێنتارییدا، کە سەبارەت بە هێرشکردنە سەر کۆنگرێس پەخشی کردووە.
كارۆلین رووماڵکردنەكەی بە “هەواڵی تەواو ساختە” وەسف کرد و وتیشی، باجدەرانی بەریتانیا ناچار دەکرێن پارەی ئەو شتە دابین بکەن، کە بە “ئامێری پڕوپاگەندەی چەپ” ناوی هێنا.
هەروەها BBC رووبەڕووی رەخنەی ناوخۆیی و دەرەکییش بووەوە، سەبارەت بە لایەنگری لە رووماڵکردنی شەڕی غەززە، بە جۆرێك زیاتر لە 230 کەسایەتی کە لەناویاندا سیاسەتمەداران و رۆژنامەنووسان و ئەکادیمییەکان نامەیەکی کراوەیان واژۆکرد و رەخنەیان لە دامەزراوەكە گرت، بەوەی نەیتوانیوە رووماڵێکی دادپەروەرانە و وردی ململانێیەکان پێشکەش بکات، ئاماژەیان بە لایەنگرییەکی روون لە بەرژەوەندی ئیسرائیل کرد لە راپۆرتەکانیدا، ئەمەش زیاتر لە 100 کارمەندی دامەزراوەكەی لەخۆگرتبوو.
راپۆرتە رۆژنامەوانییەکانی بەریتانیا ئاماژە بەوە دەکەن BBC خۆی ئامادە دەکات داوای لێبوردنێکی فەرمی بۆ دەستکاریکردنی “چەواشەکارانە”ی وتارەکەی ترەمپ دەربکات، ئەمەش هەنگاوێکە کە رەنگە فشارەکان لەسەر تیم دەیڤی زیاد بکات و بەشێکی بڕیارەکەی بۆ دەستلەکارکێشانەوەی روون بکاتەوە.