230  كه‌سیش بۆ هه‌ڵبژاردنى تایبه‌ت

لە هەرێمى كوردستان  نزیكه‌ى 2000 کەس چاودێرى هەڵبژادنى گشتى دەکەن

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق كه‌ ئه‌مڕۆ ده‌ست به‌ ده‌نگدانه‌ تایبه‌ته‌كه‌ى كراوه‌ نزیكه‌ى دوو هه‌زار كه‌س وه‌كو چاودێر چاودێرى هه‌ڵبژاردنه‌ گشتییه‌كه‌ و بۆ هه‌ڵبژاردنى تایبه‌تیش 230 كه‌س چاودێری ده‌كه‌ن.

ئه‌م زانیاریانه‌ له‌لایه‌ن رێكخراوى چاودێرانى شه‌فافییه‌تى هه‌ڵبژاردن ئاشكرا كراوه‌، كه‌ رێكخراوێكه‌ لە هەرێمی کوردستان و ناوچە دابڕێندراوەكان مۆڵەتی فەرمیان لە هەرێم و بەغداد وه‌رگرتووه‌، بۆ چاودێری پرۆسەی دەنگدانی گشتی و تایبەت، بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.

سەلما فاتیح، وتەبێژی چاودێرانی شەفافیەت له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌نووسیدا رایگه‌یاند،  لە هەر چوار بازنەى هەولێر، دهۆک، سلێمانی و کەرکوک 230 کەس چاودێرى هەڵبژاردنى تایبەتو هەزار و 921 کەسیش چاودێرى هەڵبژاردنی گشتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەن.

ئاماژەى بەوەشکرد، چەندین رێکخراو چاودێرى هەڵبژاردنەکە دەکەن، لە سلێمانی 10 رێكخراو، لە هەولێر پێنج، دهۆک دوو، لە کەرکووکیش شەش رێکخراو.

وتیشی “بۆردێک بۆ سەرپەرشتی پرۆسەکە دروستکراوە، کە لە سەرۆکی رێکخراوەکان و پارێزگارەکان پێکهاتووە، هەروەها تیمێکی پارێزەرانی خۆبەخش کە 34 پارێزەرە، بۆ سەرپەرشتی کردنی لایەنە یاسایەکانی پرۆسەکە پێکهێندراوە”.

باسی له‌ ورده‌كارى دابه‌شبوونى چاه‌ودێره‌كانى هه‌ڵبژاردن كرد، کە لە هەرچوار پارێزگای سلێمانی، هەولێر، دهۆک و کەرکوک لە رێگەی 230 چاودێرى تیمەکانیانەوە بەڕێوە دەچێت، هەروەها هەڵبژاردنی گشتی لە رێگەی هەزار و ٩٢١ چاودێرەوە لە هەرچوار بازنەکە چاودێرى دەکرێت، لە سلێمانی 605 چاودێر لە 506 بنکەی دەنگدان، لە دهۆک 636 چاودێر لە 351 بنکەی دەنگدان، لە کەرکوکیش 113 چاودێر لە 215 بنکەی دەنگدان.

له‌كاتژمێر 7:00ــی بەیانى ئەمڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، دەنگدانى تایبەت بۆ هەڵبژاردنى خولی شەشەمی پەرلەمانى عێراق بە بەشداری زیاتر لە ملیۆنێک و 300 هەزار کەس دەستیپێکرد، ژمارەی ناوەندەکانی دەنگدانیان 809 ناوەندە، ژمارەی بنکەکانی دەنگدانیش چوار هەزار و 501 وێستگەیە، هه‌روه‌كو بڕیاریشه‌ دووسبه‌ى 11.11.2025  هەڵبژاردنى گشتى بەڕێوەبچێت.

ئه‌مڕۆش ده‌نگدانه‌كه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌كارنامه‌ى ...

ئه‌مڕۆش ده‌نگدانه‌كه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌كارنامه‌ى كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مانى عێراقدا نییه‌