"کاتژمێر چواری بەیانی لەخەو هەڵساوم"
دوو ساڵە یەکەم کەسە لە سنووری گەرمیان دەنگ دەدات
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
نەوزاد حەمەعەزیز دوو ساڵە یەکەم کەسە لە سنووری گەرمیان دەنگ دەدات و دەڵێت، لە کاتژمێر چواری بەیانییەوە لە خەو هەڵساوە بۆ ئەوەی زوو بگاتە بنکەکانی دەنگدان.
نەوزاد حەمەعەزیز ئەندامی هێزە ئەمنییەکانە و لە بنکەی شەھیدانی کوڵەجۆ دەنگیدا، ئەو قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “لە نزیکی دەربەندیخانەوە هاتووم و کاتژمێر چوار لە خەو هەڵساوم بۆ ئەوەی بتوانم وەک یەکەم کەس و بۆ دووەم ساڵی لەسەر یەک دەنگ بدەم”.
نەوزاد ساڵی رابردووش وەک یەکەم کەس لە سنووری گەرمیان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەنگی داوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 9.11.2025، کاتژمێر 7:00ـی بەیانی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەستیپێکرد و کارمەندی هێزە ئەمنییەکان لە سەرجەم شارەکانی هەرێم و عێراق سەردانی بنکەکانی دەنگدان دەکەن و دەنگ دەدەن.
پێداچوونەوە : شۆڕش قادری