نەشتەرگەریەکی دەگمەن لە نەخۆشخانەی ئاکرێ ئەنجامدرا
گرێیەکی گەورە لە سکی کچێکی 16 ساڵان دەرهێنراوە
964+
باخان تۆفیق
دوێنێ 7.11.2025 لە نەخۆشخانەی گوڵانی شاری ئاکرێ لە نەشتەرگەریەکی دەگمەندا ژیانی کچێکی تەمەن 16 ساڵ رزگارکراوە و بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستی ئاکرێش دەڵێت،”نەشتەرگەریەکە سەرکەوتوو بووە”.
لەبارەی ئەم نەشتەرگەریە دەگمەنە بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستی ئاکرێ نێچیر هەرکی بە 964ـی راگەیاند،”چارەخوازەکەمان کچێکی تەمەن 16 ساڵی دانیشتووی کەمپی گەویلانی ئاکرێ بووە و خەڵکی رۆژئاوای کوردستان، بەخۆشحاڵیەوە نەشتەرگەریەکەی لەلایەن تیمێکی هەشت کەسیەوە بە سەرکەوتووی ئەنجامدرا و توانرا ئەو گرێیە لە سکی دەربهێنرێت”.
هەروەها سەبارەت بە جۆریەتی دەگمەنی نەشتەرگەریەکە نێچیر هەرکی وتی،” سەرەرای دەگمەنی نەشتەرگەری لەم شیوەیە ئەوەی کە زۆر دەگمەن بوو تەمەنی چارەخوازەکە بوو کە زۆر بە دەگمەن لەم تەمەنە گەنجەدا گرێی بەم شێوەیە گەورە دروست دەبێت و خۆشحاڵین کە نەخۆشەکە دۆخی تەندروستی باشە و لەناو نەخۆشخانەکەمان لە ژێر چاودێری پزیشکیە”.