هەفتانە وتاریان دەبێت

مامۆستایانی ئایینی وتارەکانیان دەبەنە چاکسازییەکانەوە

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

لەمەودوا هەفتانە مامۆستایانی ئایینی لە چاکسازییەکانی هەرێمدا وتار دەدەن. بەڕێوەبەری چاکسازییەکانی هەرێم دەڵێت، وتارەکان بۆ هۆشیارکردنەوە و دوورکەوتنەوە لە ماددە هۆشبەرەکان دەبێت.

رۆژی سێشەممە 28.2.2023 بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاکسازیی کۆمەڵایەتی و یەکێتی زانایانی هەرێم لەوبارەیەوە کۆبوونەوە.

تۆڕی 964 دەزانێت، لیژنەیەک لە هەردولا پێکهاتووە بۆ دیاریکردنی پڕۆگرامێکی هەفتانە کە مامۆستایانی ئایینی لە چاکسازییەکاندا وتاریان هەبێت.

ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازیی کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە 964ی وت: مەبەستمانە وتاری مامۆستایانی ئایینی لە چوارچێوەی هۆشیارکردنەوە و دوورکەوتنەوە لەبەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر هەبێت.

لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە پێنج هەزار زیندانی لە شەش چاکسازیدان.

“پیشتریش مامۆستایانی ئایینی وتاریان هەبووە بەڵام کەم بووە و ئێشتا دەمانەوێت بە بەرنامە ئەو کارە بکەین لە چاکسازییەکاندا”، ئیحسان عەبدولڕەحمان وای وت.